رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەفتەی داهاتوو دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی شەش سکاڵا کە لە دژی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کۆببێتەوە.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، 3-9-2023، دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی شەش سکاڵا لەبارەی چەند دۆسیەک لە هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، سکاڵاکاران کەسانی ئاسایی، سەرۆکی حیزب و پەرلەمانتار و پەرلەمانتاری پێشوو و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگانن.
یەکێک لەو بابەتانەی سکاڵای لەبارەوە کراوە، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە، سکاڵاکە لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە ژمارە 124/فیدراڵی/2023 لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
سکاڵاکاران لە سکاڵاکەیاندا داوا دەکەن دادگەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مادەی دووی یاسای ژمارە 2ـی هەمواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ژمارە سێی ساڵی 2009 بدات و ئەنجوومەنەکان هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی سێشەممە 29-8-2023، ئەندازیار عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر پەرلەمانی کوردستان لەبەر چەند هۆکارێک بڕیاری دا خولی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەردەوامبن تاوەکو هەڵبژاردن دەکرێت، هەرچەندە ئەنجوومەنەکان داوایانکردبوو وادەیەک بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ دیاریبکرێت." گوتیشی: "ئەگەر هەیە دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاربدات هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش بکرێتەوە."
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دادگەکە تاوتوێی ئەم سکاڵایانەش دەکات:
سکاڵایەک لەلایەن شاخەوان لوقمان حەکیم، بە ژمارە 178/فیدراڵی/2023 لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە.
سکاڵاکار لەو سکاڵایەیدا داوادەکات دادگە بڕیار بە نادەستووریبوون و هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 42ـی ساڵی 2004ـی پەرلەمانی کوردستان بدات کە یاسای هەمواری یاسای سزادانی عێراقییە و شوێنەوارەکانی پووچەڵبکرێتەوە.
سکاڵایەکی دیکە بە ژمارە 83/فیدراڵی/2023 و هاوتاکانی 131/فیدراڵی/2023ـی هەیە، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
سکاڵاکاران لەو داوایەیاندا داوایانکردووە دادگە مادەکانی"1، 9، 15، 22، 36"ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی هەموارکراو بە نادەستووری بزانێت، سکاڵاکە لە دانیشتنی رۆژی 6-8-2023 دواخراوە.
هەروەها هەژار حەمەغەریب رەشید، بە ژمارە 189/فیدراڵی/2023 سکاڵایەکی لە دژی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی تۆمارکراوە.
سکاڵاکار داوا لە دادگەکە دەکات بڕیاری ژمارە 29ـی کۆبوونەوەی ژمارە 9ـی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری کە لە رۆژی 8-2-2010 کراوە و هەردوو نووسراوی ژمارە 74ـی 4-1-2010 و 1747 لە 16-2-2010 کە لەسەر سکاڵالێکراوی یەکەم تۆمارکراوە هەڵبوەشێنێتەوە و سەرجەم ئەو رێوشوێنانەی سکاڵالێکراوی دووەم بۆ تۆمارکردنی هێمای بازرگانی تۆماریکردوون هەڵبوەشێنێتەوە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە یەکەم دانیشتنی دادگە بۆ ئەو سکاڵایە بەڕێوەبچێت.
سکاڵایەکی دیکە لەلایەن ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و تێیدا ناوبراو داوادەکات دادگەکە بڕیاری نادەستووریبوونی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی 1992 و هەموارەکانی بەتەواوەتی بدات، بەهۆی ئەو نەنگییە نادەستووریانەی لەکاتی پەیڕەوکردنی هاتوونەتەدی، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دادگەی فیدراڵی یەکەم دانیشتی بۆ بکات.
دوایین بە ژمارە 159/فیدراڵی/2023 لەلایەن لوقمان حەکیم دەروێشەوە لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە. سکاڵاکار داوا دەکات دادگەکە بڕیار بە نادەستووریبوونی هەمواری ئێستای سەر مادەی 408ـی یاسای سزادانی عێراق ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو بە یاسای ژمارە 42ـی ساڵی 2004ـی پەرلەمانی کوردستان بدات، رۆژی یەکشەممە دادگەکە یەکەم دانیشتنی بۆ دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ