لە سنە گردبوونەوەیەک دژی سزادانی ژمارەیەک مامۆستا بەڕێوەچوو

29-08-2025
ناسر پیرۆتی
دیمەنی گردبوونەوەکەی سنە.
دیمەنی گردبوونەوەکەی سنە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی شاری سنە رۆژی هەینی 29-08-2025 لە چالاکییەکی شاخەوانیدا چوونە سەر چیای ئاوییەری شارەکە و لەوێ دژی سزادانی مامۆستایانی قوتابخانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان گردبوونەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکانیان کرد.
 
چالاکییەکە لەسەر داوای "لیژنەی خەڵکیی پاڵپشتی لە مامۆستایانی دەرکراوی کوردستان" بەڕێوەچوو. ئەو لیژنەیە رۆژی سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا داوای کردبوو، خەڵکی سنە رۆژی هەینی بۆ سەرکۆنەکردنی سزادانی مامۆستایانی قوتابخانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکییەکی شاخەوانی بەڕێوەببەن.
 
لە گردبوونەوەی رۆژی هەینیدا، بەشداربووان داوایان کرد سزای مامۆستایان هەڵبوەشێندرێتەوە و خواستەکانی مامۆستایان جێبەجێ بکرێت. ئەوانەی قسەیان کرد دەڵێن، "ژمارەیەک لە باشترین مامۆستاکانی سنە بە ناڕەوا سزا دراون".
 
لە ساڵی 2018ـەوە دەیان مامۆستای قوتابخانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی چالاکی پیشەیی و بەشداریکردن لە گردبوونەوە و مانگرتنی مامۆستایان بۆ داواکردنی مافەکانیان بە سزای وەکو بەندکردن، دەرکردن، دوورخستنەوە و خانەنشینی ناچاری سزا دراون.
 
لە رۆژانی رابردوودا، دەستەی پێداچوونەوە بە سکاڵاکانی سەرپێچیی ئیداری لە وەزارەتی پەروەردەی ئێران سزادانی 14 مامۆستای پارێزگای سنە پەسند کرد کە بەشی زۆریان لەلایەن پەروەردەی پارێزگای سنەوە بە دەرکردن یان خانەنشینی ناچاری سزادرابوون.
 
بەشێک لەوانەی سزا دراون، ساڵی 2024 وەکو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی قوتابخانەی شاری سنە هەڵبژێردراون و دوای هەڵبژاردنیان لە پەروەردەی سنە، دۆسیە دژیان کرایەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە