رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان رایدەگەیێنێت، بەیانیی ئەمڕۆ چەندجارێک درۆن بە ئاسمانی زڕگوێزدا سووڕاوەتەوە، بەڵام بۆردوومانی نەکردووە.
رۆژی پێنجشەممە 29-09-2022 کەریم کەریمی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە رووداوی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ چەندجارێک درۆن بە ئاسمانی زڕگوێزدا گەڕاوە، بەڵام بۆردوومانی نەکردووە و رەنگە تەنیا بۆ چاودێریی نێردرابێت.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان گوتیشی، "ئامادەیی خۆمان کردووە و رێنوێنی بە هەموو پێشمەرگە و ئەندامان دراوە بۆ خۆپاراستن لە هەر هێرشێکی دیکە."
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە کۆیەوە رایگەیاند، چەندجارێک درۆن بە ئاسمانی کۆیەدا سووڕاوەتەوە، بەڵام بۆردوومانی نەکردووە و چەند جارێکیش لەلایەن پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا-وە تەقە لە درۆنەکان کراوە.
لەبارەی ناوچە سنوورییەکانیش، ئەمڕۆ پێنجشەممە هەڵگورد نەجیب، بەڕێوەبەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی گوت، "دۆخەکە ئارامە و ئەمڕۆ هیچ شوێنێک تۆپباران نەکراوە."
دوێنێ چوارشەممە 28-09-2022 ئێران بنکە و بارەگای چەند حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە سنووری شێراوە لە باشووری هەولێر نزیک ناحیەی پردێ، زڕگوێز لە سنووری پارێزگای سلێمانی و کۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆردوومانکرد و لانیکەم 15 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 50 کەسی دیکەش برینداربوون کە برینی 10یان سەختە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ