رووداو دیجیتاڵ
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی دەڵێت، ئەو کۆمیسیۆنەی لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان پێکهێندراوە، قۆناخی گوێگرتنی لە بیروبۆچوونەکان تەواوکردووە و دەبێ لە قۆناخی دووەمدا رێکخستنی یاسایی ئامادە بکات بۆ ئەوەی گەریلاکان بتوانن بگەڕێنەوە.
جەنگیز چاندار سەبارەت بە کارەکانی داهاتووی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بۆ عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداو لە ئامەد قسەی کرد.
جەنگیز چاندار گوتی: "ئامانجی دامەزراندنی ئەم کۆمیسیۆنە دانانی ژێرخانی یاسایی بووە بۆ پرۆسەی چەکدانان. چەکدانان رۆژی 11ـی تەممووز لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی سیمبوولی بەڕێوەچوو."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە رایگەیاند، قۆناخی گوێگرتن لە بیروبۆچوونەکان کۆتایی هاتووە، ئیدی دەبێ کۆمیسیۆنەکە دەست بە ئامادەکردنی رەشنووسی یاساکان بکات.
جەنگیز چاندار گوتیشی: "ژێرخانی یاسایی بریتییە لە یاسای تایبەت بە گەڕانەوە، واتە گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە کە چەکیان داناوە بۆ ئەوەی بتوانن تێکەڵی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە تورکیا ببنەوە."
جەنگیز چاندار باسی لەوەش کرد، پێویستە گۆڕانکاری لە یاسای جێبەجێکردنی سزادا بکرێ بۆ گەڕانەوەی ئەو هەزاران کەسەی لە زیندانەکان و لە دەرەوەی وڵاتن. گوتیشی، "کۆمیسیۆن دەبێ رەشنووسەکان ئامادە بکات و بیانباتە پەرلەمان. پێشبینی دەکەم دوای کردنەوەی پەرلەمان لە 1ـی تشرینی یەکەم، لە مانگێک یان دوو مانگدا ئەو رەشنووسانە ببرێنە پەرلەمان."
پڕۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێ.
پەکەکە لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ