رووداو دیجیتاڵ
چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بۆ سێ جۆر پۆڵین کراون، چاودێرانی نێودەوڵەتی، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و چاودێرانی نێوخۆیی، تاوەکو ئێستاش 15 رێکخراو و کۆنسووڵخانە فۆرمی داوای چاودێریی هەڵبژاردنیان لە کۆمیسیۆن وەرگرتووە.
بەگوێرەی رێکارەکانی تۆمارکردنی چاودێرانی بیانی، ئەو رێکخراوە بیانییانەی داواکاری پێشکێش دەکەن، دەبێت مۆڵەتیان لە حکومەتی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت.
لە هەڵبژاردندا دەنگدەران ناتوانن تەلەفۆن لەگەڵ خۆیان ببەنە ژوورەوە، بەڵام ئەمە بۆ چاودێرانی بیانی و نێوخۆیی وانییە، ئەوان دەتوانن وەرگێڕ، تەلەفۆن و پاسەوانیش ببەنە نێو بنکەکانەوە.
دابەشکاریی چاودێران و پۆڵینکردنیان
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی رایگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەکان بە شێوازێک دەکرێن پڕۆسەکە زۆر بە سەربەخۆیی و بێگەرد بەڕێوەبچێت، هەر لەو چوارچێوەیەشەوە چاودێریی هەڵبژاردن بە چەند قۆناخێک تێدەپەڕێت."
کۆمیسیۆن کۆمەڵێک رێکار و رێنمایی داناوە بۆ دڵنیابوون لەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن رێکوپێک چاودێری بکرێت، لە ئەگەری روودانی هەر هەڵەیەک و کێشەیەکی تەکنیکی، رێکارەکانی چارەسەر دانراون.
نەبەرد عومەر رایگەیاند: "هەموو ئەوانەی بەشدارن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەروەها بریکاری حیزبەکانیش دەتوانن چاودێریی هەڵبژاردنەکان بکەن بۆ دڵنیابوون لە بێگەردی و سەربەخۆیی هەڵبژاردن."
چاودێرانی هەڵبژاردن بەسەر سێ بەش دابەشکراون، چاودێرانی نێودەوڵەتی، نێوخۆیی، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش
15 کۆنسووڵخانە و فۆڕمی چاودێریکردنیان وەرگرتووە
لە 3ـی تشرینی یەکەمی 2025ـەوە، تۆمارکردنی وڵاتان بۆ چاودێریی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە، نەبەرد عومەر رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا 15 کۆنسوڵخانە و رێکخراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان فۆڕمیان وەرگرتووە، 7یان لە هەرێمی کوردستانن، 2یان کۆنسووڵخانە و 5یان رێکخراون، لە عێراقیش 5 کۆنسووڵخانە و 3 رێکخراو فۆڕمیان وەرگرتووە."
بە گوتەی بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەکە تاوەکو چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردن بەردەوام دەبێ.
رێکخراوێکی رۆژئاوای کوردستان لەبەر نەبوونی مۆڵەت لە عێراق رەتکرایەوە
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داواکاریی رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا-مافی رەتکردەوە کە رێکخراوێکی رۆژئاوای کوردستانە، مۆڵەتی لە ئەڵمانیا وەرگرتووە. جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆکاری رەتکردنەوەی داواکاریی ئەو رێکخراوە ئەوە بووە لە عێراق تۆمار نەکراوە."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەنجام دەدرێت و زیاتر لە 7 هەزار بەربژێر رکابەری لەسەر 329 کورسی دەکەن، ئەو فۆرمانە بەگوێرەی رێکارەکانی کۆمیسیۆنە بۆ تۆمارکردنی چاودێرانی بیانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق. دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە، رادەستی کۆمیسیۆن دەکرێت بۆ ئەوەی مۆڵەتیان پێبدرێت.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، زیاتر لە 12 دامەزراوەی جیاواز و 6 کۆنسووڵخانەی وڵاتان چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنیان کرد، وڵاتانی ئەمریکا، رووسیا، تورکیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەلەستین بوون و یەکێتیی ئەورووپاش پاڵپشتیی رێکخراوەکان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ