رووداو دیجیتاڵ
یەکێتی بە دووری دەزانێت بانگەشەی هەڵبژاردن کاریگەری لەسەری گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت. پارتیش دەڵێت، دوای هەڵبژاردن "پەیامی نوێ"یان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە بۆ لایەنەکان دەبێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبێ پێکهێنانی کابینەی دەیەم چوونە نێو بانگەشە، پێدەچێت هەر بەمشێوەیەش بچنە نێو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ئێستا پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەم بووەتە ناونیشانی زەق لەنێوان هەردوو پارتەکەدا.
هەرچەندە هەردوولا لەڕێگەی بەرپرسانیانەوە باسی هۆکارەکان دەکەن، بەڵام بەرپرسێکی یەکێتی دەڵێ: "بێ یەکدی ناتوانن حکومەت پێکبێنن".
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بانگەشەی هەڵبژاردن کاریگەری لەسەر گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت نابێت، چونکە ناتوانن بەبێ یەکدی حکومەت پێکبهێنن."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان کە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی بەدەستهێنا.
بە گوتەی ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: "پێکهێنانی کابینەی دەیەم زۆری کێشاوە، ئەوەش نیگەرانی لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەوە بەتایبەت لای دۆستانی کورد دروستکردووە."
لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن چەند جارێک بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "تاوەکو یەکێتی رازی نەبێت حکومەت پێکناهێنرێت".
مەسرور بارزانی بە جەماوەر و بەربژێرانی پارتی لە کەرکووک گوت: "رێگریکردن لە پێکهێنانی حکومەت دەستکەوت نییە."
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بە رووداوی راگەیاند: "یەکێتی وەکو پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت نەهاتووەتە پێش، پێکنەهێنانی حکومەت و رێکنەکەوتنی لەگەڵ پارتی کردووەتە دەستکەوت و بانگەشەی هەڵبژاردنی پێدەکات."
ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێ: "وەک رێککەوتنی سیاسی پارتی و یەکێتی گەیشتوونەتە ئەنجام و رێککەوتنەکەش لەلایەن هەردوولاوە واژۆ کراوە، ئەوەی ماوەتەوە دابەشکردنی پۆستەکانە."
بە گوتەی بەرپرسەکەی پارتی، ئەوان خواستیان هەبووە بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکان حکومەتی بنکەفراوان دروست بکەن، بەڵام لایەنەکانی دیکە بەشدارییان لە حکومەت رەتکردووەتەوە.
بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. لەبارەی هەڵوێستی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت دوای هەڵبژاردن، رۆژی 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رەنگە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەیامێکی نوێیان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان هەبێ و هێڵی سووریان لەسەر بەشداریی هیچ لایەنێک نییە."
سەرەتایەکی ئارام و کۆتاییەکی بەرەو تووندی
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە شێوەیەکی هێمنانە دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد، پارتی هەر زوو پابەندبوونی خۆی بە بانگەشەیەکی ئارامەوە راگەیاند.
یەکێتیش بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی بڕیارێکی پەسند کرد بە شێوەیەکی هێمنانە و ئارام بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
سەعدی ئەحمەد شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی بە تایبەت لەسەر پرسی کەرکووک کە پارێزگارەکەی لە پشکی یەکێتییە، بە هۆکاری توندبوونی بانگەشەکان نێوبرد. باسی لەوەشكرد: "ئەوەی لە بانگەشەدا باس دەکرێت واقیعە، بەڵام ئەوەی کێشەکانی گەورە کردووە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پارتی و یەکێتین ئەگەر نا پەیوەندییەکان ئاسایین."
عەلی حوسێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پەیامانەی هەیە تای هەڵبژاردنە، رەنگە مەبەستیان بووبێ حکومەت پێکنەهێنرێت بۆ ئەوەی بیکەنە کەرەستەی بانگەشە و هەڵبژاردن، بەڵام ئەمە پێچەوانەیە و ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتووش دەری دەخات.''
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان تووندبوو، بەڵام تووندییان تەنیا لە لێدوانەکان بوو، تەنانەت ئەوکات هەردوو حیزب لە هەولێر لە دوو شوێنی جیاواز لە یەک رۆژدا بانگەشەیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ