رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای سنە دەڵێ، ئاوی بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو 24٪ کەمبووەتەوە.
ئارەش ئاریانەژاد، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای سنە رایگەیاند، کۆی ئاوی بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە ئێستا 916 ملیۆن مەتر سێجایە و پار ئەم کاتانە یەک ملیار و 207 ملیۆن مەتر سێجا بوو.
لە پارێزگای سنە 18 بەنداوی گەورە و بچووک هەن؛ دەسەڵاتی بەکارهێنانی 12 بەنداویان لە دەستی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سنەیە و دەسەڵاتی بەکارهێنانی ئاوی 6 بەنداویش لە دەست بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوی پارێزگاکانی کرماشان و ورمێ دایە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای سنە، ئەم ساڵ 726 ملیۆن مەتری سێجا ئاو رژاوەتە نێو بەنداوەکان؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەش مانگی بەهار و هاوینی ئەم ساڵدا 115 میلیمەتر باران و بەفر لەو پارێزگایە باریوە و رێژەی بارینیش لەو ماوەیەدا بەراورد بە هەمان ماوەی پار 54٪ کەمبووەتەوە.
بڕی بارینی ئاسایی ساڵانە لە پارێزگای سنە 455 میلیمەترە. زیاترین بڕ لە ساڵانی رابردوودا لە سنووری شاری بانە تۆمارکراوە و کەمترینیش لە رۆژهەڵاتی پارێزگاکەیە کە سنووری شارەکانی قوروە و بیجاڕ لەخۆ دەگرێ.
کەمیی بارین بووەتە هۆی ئەوەی رۆچوونی زەویش لە دەشتەکانی پارێزگای سنە زیاتر بێ و ئەوەش بە قەیرانێکی جیدیی ژینگەیی لەو پارێزگایە دادەنرێ.
بێهزاد شەریفیپوور، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە دەڵێ، رۆچوونی زەوی لە دەشتەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگاکە زیاترە لە ناوچەکانی دیکە بەهۆی ئەوەی بەفر و بارانی کەمتری لێ دەبارێ و جووتیاران ئاوی ژێر زەوی زیاتر بەکار دەهێنن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، زەوی لە دەشتی دێولان ساڵانە لانیکەم 6 سانتیمەتر زیاتر رۆدەچێ و ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێ، کاریگەریی ئابووری و ژینگەیی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ