رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری شەریفە محەمەدی، ژنە چالاکڤانی ئێرانی رایگەیاند، سزای لە سێدارەدانی شەریفە گۆڕدرا بۆ 30 ساڵ زیندانیکردن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەمیر رەیسیان، پارێزەری شەریفە محمەمەدی رایگەیاند، ئێستا مەترسی لە سێدارەدان لەسەر شەریفە نەماوە، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دووبارە دادگاییکردنەکە و جێبەجێکردنی مادەی 477 بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی و بێتاوانی لە تۆمەتی "بەغی".
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی 12-10-2024 ئەمیر رەیسیان، پارێزەری شەریفە محمەمەدی رایگەیاند، دوای دانیشتنی دادگەی پێداچوونەوە، سزای لەسێدارەدانی شەریفە هەڵوەشێنرایەوە و، دۆسیەکە رەوانەی هەمان لقی داداگە کرا، بۆ دووبارە پێداچوونەوە و دادگاییکردن.
شەریفە محەممەدی، چالاکڤانی کرێکاری، لە 4ـی تەممووزی 2024 بەتۆمەتی "بەغی" لە لایەن دادگەی شۆڕشی ئێرانەوە کە گوایە پەیوەندی لەگەڵ حیزبی کۆمەڵە هەبووە، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
بەغی، تۆمەتێکی ئاسایشییە و بەپێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر جۆرە چالاکییەکی چەکدارییە دژی حکومەت و بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەپێی مادەکانی 287 و 288 یاساکە، سزای بەغی لەسێدارەدان، یان زیندانیکردن دەبێت.
لە بەرامبەر ئەم حوکمەدا، کەمپەینی پشتیوانیی شەریفە محەممەدی رایگەیاند، "تەنیا بە ئازادکردنی شەریفە رازی دەبین."
ئەم کەمپەینە لەلایەن کەسوکاری شەریفە محەمەدی سازکرابوو، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیویەتی "تاوەکو ئەو ساتەی شەریفە بەبێ مەرج ئازاد دەکەن، هەست بە دڵخۆشی ناکەین، بەردەوام و بە ئاشکرا شەڕ و رێکخستن بۆ ئازادکردنی شەریفە دەکەین."
شەریفە محەممەدی، 5-12-2023 لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆی لە شاری رەشت دەستبەسەر کرا و، بۆ گرتووخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە، ئێستا لە گرتووخانەی لاکانی رەشت لە پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران دەستبەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ