رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، رۆژی شەممەی داهاتوو، بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی، یەکێتی بانگەشەیەکی گەورەی هەڵبژاردن لە هەولێر دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، دەرباز کۆسرەت رەسوول بە پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، پێشبینییەکان بۆ بەدەستهێنانی کورسی، دەگەڕێتەوە بۆ رێژەی دەنگدان و ئاستی بەشداربوون و سیستمی یاسای هەڵبژاردن، کە ئەمجارە زۆر جیاوازترە.
دەرباز کۆسرەت رەسوول گوتی: "ئێمەی یەکێتی گەشبینین لەم هەڵبژاردنە و پێشبینی دەکەین کورسییەکانمان لە هەولێر زیاد بکات. نەک تەنیا لە هەولێر، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی دیکەش بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، زیاد دەکات."
یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2021 لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بە لیستی هاوپەیمانیی کوردستان بەشداری کرد و 17 کورسی بەدەستهێنا.
سەبارەت بە بانگەشەی یەکێتی لە هەولێر، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی: "رۆژی شەممەی داهاتوو بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، لە هەولێر بانگەشەی گەورەی یەکێتی دەستپێدەکات."
لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، یەکێتی بانگەشەیەکی تووندی کرد، بە تایبەتی لەلایەن سەرۆکی یەکێتی، بەڵام دەرباز کۆسرەت گوتی، بانگەشەی ئەمجارەیان جیاواز دەبێت: "بانگەشەکەمان زۆر بە هێمنانە بەڕێوەدەچێت."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی: "لە بانگەشەدا جەخت لەسەر مافە دەستوورییەکانمان دەکەینەوە لە بەغدا کە بەغدا قۆناخ بە قۆناخ لە هەرێمی کوردستانی وەرگرتووەتەوە. ئیدی کێ خەتابارە هەرێمە یان بەغدا، ئەمە بابەتێکی دیکەیە. گرنگ ئەوەیە ئەو لایەنانەی براوە دەبن لە هەڵبژاردن بە یەکڕیزی بچنە بەغدا و کار بکەن بۆ مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 11ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ