کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە؛ "کەمترین کارەبا لە هەولێر"ـە

29-11-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەگەڵ هاتنی یەکەم شەپۆلی سەرمادا کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبوونەوە؛ بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو کە قسەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، لە 24 کاژێردا تەنیا سێ بۆ چوار کاژێر کارەبای نیشتمانی لە هەندێک ناوچەی هەولێر هەیە؛ هەروەها لە سلێمانی نزیکەی 7 کاژێر؛ لە دهۆک 6 بۆ 7 کاژێر کارەبا هەیە و لە هەڵەبجەش کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبوونەتەوە. 
 
هەروەها بە گوتەی بەرپرسانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیدارە سەربەخۆکان بۆ رووداو، لە ئیدارەی گەرمیان زۆرترین کارەبای نیشتمانی هەیە کە 12 بۆ 13 کاژێرە؛ لە راپەڕین 6 بۆ 7 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە؛ لە سۆران 6 بۆ 8 کاژێر و لە زاخۆ 7 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە.
 
بەگوێرەی دابەشکارییەک پشکی کارەبای پارێزگاکان دیاریکراوە و بڕەکە جیایە، بەشێوەیەک پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە 42.6%ـی کارەبای هەرێمی کوردستانی پێ دەدرێت؛ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕینەوە 33.1%ـی کارەبای هەرێمی کوردستانیان پێ دەدرێت؛ پارێزگای دهۆک بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە 24.3%ـی کارەبای هەرێمی کوردستانی پێدەدرێت.
 
"لە هەولێر سێ بۆ چوار کاژێر کارەبا هەیە"
 
بەرپرسێکی باڵا و ئاگادار لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە پێدانی کارەبا دۆخی فراوانبوونی هەولێر لەبەرچاو نەگیراوە.
 
لەبارەی پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانییەوە، ئەو بەرپرسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی گوت، "لە هەولێر دۆخی کارەبا زۆر زۆر خراپە؛ لە زۆرینەی گەڕەکان سێ بۆ چوار کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە و هیچ گەڕەکێک کارەباکەی ناگاتە شەش بۆ حەوت کاژێر."
 
لەبارەی کارەبای هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە رۆژی 23ـی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، گوتی، "پێدانی كارەبای نیشتمانی لە هەولێر لەگەڵ شارەکانی دیکە زۆر جیاوازە. لە رۆژانی رابردوودا دۆخی كارەبا زۆر خراپتر بووە و هەست بەوە دەكەین نادادپەروەری لە پێدانی کارەبا هەیە. داواكارین لە وەزارەتی كارەبا پێداچوونەوە بەو بابەتە بكات و بەشێوەیەكی دادپەروەرانە كارەبا بە شارەكان بدرێت، چونكە ئەگەر لە شارێك 12 کاژێر كارەبا هەبێت و لە شارێكی دیکە 3 کاژێر هەبێت، بە دڵنیاییەوە ئەركی خەڵك قورستر دەكات، ئەوەش دادپەروەری نییە."
 
"لە سلێمانی حەوت کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە"
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، لە 24 کاژێردا لەنێو شاری سلێمانی کەمتر لە حەوت کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە و دۆخی کارەباش لە هەموو پارێزگاکەدا خراپە.
 
پارێزگاری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا 25ـی ئەم مانگە ئاماژەی بەوەکرد، کەمکردنەوەی بڕە مێگاواتی دابەشکراوی شارەکان، چاوەڕواننەکراوانە ئاستی هەبوونی کارەبای گەیاندووەتە کەمترین ئاست. پارێزگاری سلێمانی هەمان رۆژ لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پشکی کارەبای پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین 33.1%ـی کارەبای هەرێمی کوردستانە."
 
"لە دهۆک حەوت بۆ هەشت کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە"
 
لە پارێزگای دهۆکیش دۆخی کارەبای نیشتمانیی خراپە و لە 24 کاژێردا 7 بۆ 8 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە.
 
هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دهۆک لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا بەشێوەی 24 کاژێری موەلیدەکان کار دەکەن؛ رۆژانە موەلیدەکان 16 بۆ 17 کاژێر کارەبا دەدەنە هاونیشتمانیان."
 
کارەبای نیشتمانی لە هەڵەبجە
 
لە هەڵەبجە 4 بۆ 6 کارەبای نیشتمانی کارەبا هەیە، لەبارەی پێدانی کاژێرەکانی کارەباوە لە هەڵەبجە، زووهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامییەتی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دوێنێ سێشەممەوە بەهۆی کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانییەوە خشتەی پێدانی کارەبایان گۆڕیوە بە جۆرێک رۆژانە 07:00ـی بەیانی بۆ ماوەی کاژێر و نیوێک کار بە موەلیدە دەکەن، نیوەڕوانیش لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا لە کاژێر 12:00 نیوەڕۆ بۆ کاژێر یەکی شەو موەلیدەکان کاردەکەن.
 
لە ئیدارە سەربەخۆکان گەرمیان زۆرترین کارەبای هەیە
 
لە گەرمیان بەراورد بە چەند ناوچەیەکی دیکە دۆخی کارەبای نیشتمانی باشترە؛ ئالان ئەرکان، گوتەبێژی کارەبای گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا گەرمیان 12 بۆ 13 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە؛ بەراورد بە سەنتەری پارێزگاکان، لە گەرمیان کاژێرەکانی کارەبا زیاترن، ئەوەش بەو هۆکارەی ئێمە هاوبەشی کارەبامان کەمە."
 
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 83 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن؛ ئالان ئەرکان دەڵێت، "87%ـی هاوبەشانی کارەبا لە گەرمیان پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە، ئەوەش هۆکارێکی باشتربوونی دۆخی کارەبایە؛ پێش بەستنی پێوەرەکە ماڵ هەبوو 100 ئەمپێر کارەبای بەکار دەهێنا؛ ئێستا ناتوانێت 30 ئەمپێر زیاتر بەکار بهێنێت."
 
لە کۆی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان 4.7%ـی بۆ ئیدارەی گەرمیان جیاکراوەتەوە کە دەکاتە 90 مێگاوات؛ گوتەبێژی کارەبای گەرمیان دەڵێت، لەم وەرزەدا خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بۆ نزیکەی 200 مێگاوات بەرزبووەتەوە.
 
ئیدارەی گەرمیان پێکهاتووە لە قەزاکانی کەلار و کفری، ناحیەکانی پێباز (باوەنوور)، رزگاری و شێخ تەویل.
 
هەروەها عەلی محەمەد پیرۆت، بەڕێوەبەری کارەبای ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوای 15ـی ئەم مانگەوە بەهۆی هاتنی سەرماوە کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبوونەتەوە؛ ئێستا رۆژانە شەش بۆ حەوت کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە".
 
کارەبای ئیدارەی راپەڕین بەستراوەتەوە بە کارەبای سلێمانییەوە؛ دوای پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، ئیدارەی راپەڕین چوارەم زۆرترین هاوبەشی کارەبای هەیە کە 105 هەزار هاوبەشن؛ عەلی محەممەد دەڵێت، بۆ پێدانی کارەبای 24 کاژێری سنوورەکەیان پێویستی بە 270 مێگاوات کارەبا هەیە.
 
ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش پشکی کارەبای تایبەت بە خۆی نییە و بەستراوەتەوە بە کارەبای هەولێرەوە؛ ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێرەکانی پێدانی کارەبا رۆژ بۆ رۆژێکی دیکە جیایە؛ بەگشتی لە شەو و رۆژێکدا 6 بۆ 8 کاژێر کارەبا دەدرێتە هاوبەشان".
 
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 83 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن. ئەردەوان ئیبراهیم دەڵێت، بۆ کارەبایەکی 24 کاژێری پێویستیان بە نزیکەی 300 مێگاوات کارەبا هەیە.
 
کارەبای زاخۆ پەیوەستە بە کارەبای پارێزگای دهۆکەوە. ئەنوەر کربێت، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆخی کارەبامان هاوشێوەی دهۆکە و نزیکەی 7 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە."
 
لە قەزای دەربەندیخان کە بەهۆی بەنداوەکەیەوە وێستگەی کارۆئاوی تێدایە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پێدانی کاژێرەکانی کارەبای لە سلێمانی باشترە. ئەندازیار باست عەزیز، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە پشکێکی تایبەتمان بە کارەبای خۆمان نییە، بەڵکو بەستراوینەتەوە بە پارێزگای سلێمانییەوە. ئێستا لە 24 کاژێرەکەدا 9 کاژێر کارەبامان هەیە."
 
وێستگەی کارۆئاوی بەنداوی دەربەندیخان 24 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، باست عەزیز دەڵێت، کارەباکە تایبەت نییە بە دەربەندیخان و بەستراوەتەوە بە تۆڕی گشتیی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە.
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 800 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزە سارد و گەرمەکاندا خواست لەسەر کارەبا بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە و کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کەمتر دەبنەوە؛ ئەوەی پێویستیی هاونیشتمانییان پڕدەکاتەوە موەلیدە ئەهلییەکانن، کە بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، زیاتر لە پێنج هەزار و 500 موەلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستاندا هەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە