هەواڵگریی سەربازیی عێراق بازرگانێکی جیوە لە خورماتوو دەستگیر دەکات

30-03-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازیی عێراق رایگەیاند، بازرگانێکی ماددەی جیوەیان لە قەزای خورماتوو دەستگیرکردووە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی رۆژی شەممەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، توانیویانە لە "بۆسەیەکی تۆکمەدا" بازرگانەکە دەستگیر بکەن کە 166 گرام جیوەی پێ بووە. 
 
دامەزراوە هەواڵگرییەکە باس لەوە دەکات، بە پاساوی کڕینی ماددەکە بە 60 هەزار دۆلار، تۆمەتبارەکەیان راکێشاوەتە خورماتوو و لەوێ لەگەڵ شوفێری ئۆتۆمبێلێک دەستگیرکراون. 
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات؛ تۆمەتبارەکان ئەو ئۆتۆمبێلەیان "بۆ گواستنەوە و فرۆشتنی ماددەی جیوە و هەندێ شتی قەدەخەکراو" بەکارهێناوە. 
 
جیوە ماددەیەکی کوشندەی مەترسیدارە، کڕین و فرۆشتنی بۆ خەڵکی ئاسایی قەدەخەیە و تەنیا لە پیشەسازی و بواری پزیشکیدا رێگە بە بەکارهێنانی دەدرێت. 
 
بڕوایێکی باو هەیە بەوەی کە جیوەی سوور ماددەیەکی "جادووییە"، ئەم بڕوایە لە ماوەی جەنگی سارد زیاتر پەرەیسەند، کاتێک دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە گوایە ماددەکە لە بۆمبی ئەتۆمیدا سوودی لێ دەبینرێت و نرخێکی زۆری هەیە، وێڕای ئەوەی هیچ بنەمایێکی زانستی بۆ ئەو بانگەشەیە نەبوو و نییە. 
 
هەروەها هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت شتێک بە ناوی جیوەی سوور هەبێت، بەڵکو هەموو ئەو نموونانەی پشکنینیان لەسەر کراوە، دەرکەوتووە کە تێکەڵەیەکن لە ماددەی ئاسایی، بۆ نموونە گۆگردیدی جیوە کە رەنگێکی سووری هەیە.
 
ساڵانی رابردوو، لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە جیوەی سوور لە هێلانەی شەمشەمەکوێرەکاندا هەیە، کە ئەوەش هیچ بەڵگەیەکی زانستیی لەسەر نییە. 
 
11ـی ئادار، دادگەی تاوانی سەڵاحەدین بە تاوانی بازرگانیکردن بە ماددەی جیوە، کەسێکی بە دوو ساڵ بەندکردن سزا دا، کە ئەویش بڕێکی ماددەکەی لێ گیرابوو. 
 
هەروەها لە نێوەڕاستی ئابی 2023 وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی بازرگانیکردن بە جیوەی لەو پارێزگەیە راگەیاند کە ئەفسەری دەزگایێکی ئەمنیی پارێزگەکە سەرۆکایەتیی دەکرد. 
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 وێنەکە لە بەنامەکەوە وەرگیراوە

بەرپرسیاری رەمەزان؛ باوکی 3 منداڵ بە یەک قاچەوە قوتوو و کارتۆن کۆدەکاتەوە

خۆشناو عەبدولڕەزاق، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵی کەمئەندامە لە هەولێر، کە بە یەک قاچەوە ناچارە کارتۆن و قوتووی بەتاڵ کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خێزانە پێنج کەسییەکەی دابین بکات. ئەو رۆژانە کەمتر لە 5 هەزار دیناری دەستدەکەوێت، لە کاتێکدا مانگانە 200 هەزار دینار کرێی خانووەکەی دەدات.