رووداو دیجیتاڵ
بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەبارەى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان، هەرێمى کوردستانى خستە بۆشایی دەستوورییەوە. یەکێک لە راوێژکارانى یاسایى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت، "سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەتوانێت داوا لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنى عێراق بکات هەڵبژاردن بکات".
رۆژی سێشەممە، 30ى ئایارى 2023، وریا سەعدى، راوێژکارى یاسایى پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دواى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، هەرێمى کوردستان دەکەوێتە بۆشایی دەستوورییەوە و حکومەتیش دەبێتە کار بەڕێکەر".
وریا سەعدى گوتى، "هیچ مادەیەکى یاسایی نییە لە هەرێمى کوردستان چارەسەرى بۆشایی دەستوورى بکات، بەڵام بەو پێیەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، بڕیارەکانى دواى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە، حکومەت دەبێتە کاربەڕێکەر، چونکە دەسەڵاتی لە پەرلەمانەوە وەرگرتووە".
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بە "نادەستووریبوون"ی یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان کە لە 9ى تشرینى یەکەمى 2022 دەرکرا و رایگەیاند، تەمەنى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ کۆتاییهاتنى خولى پێنجەم کۆتایی هاتووە و هەر بڕیارێک دواى کۆتاییهاتنى دەرکرابێت لە رووى دەستوورییەوە پووچەڵە.
وەعدى مزورى کە راوێژکارێکى دیکەى یاسایی پەرلەمانى کوردستانە ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، حکومەتى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى دەبێتە کاربەڕێکەر، بەڵام بەگوێرەى بڕیارێکى پێشووى دادگەکە حکومەتى کاربەڕێکەر دەسەڵاتى بەڕێوەبردنى سەرجەم کاروبارى هاووڵاتییانى دەبێت.
15ى ئایارى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق شرۆڤەى چەمکى حکومەتى کاربەڕێکەرى کرد بەوەى دەتوانێت ئەو بڕیار و رێوشوێنانە بگرێتەبەر کە بەردەوامى بدات بە کارى کەرتى گشتى و پێشکێشکردنى خزمەتگوزارى بۆ هاووڵاتییان، بەڵام ناتوانێت ئەو بڕیارانە بدات کە دەکرێت پاڵنەرى سیاسییان هەبێت و کاریگەریى گەورەیان بۆ سەر ئاییندەى سیاسى و ئابووری و کۆمەڵایەتى هەبێت.
وەعدى مزوورى گوتیشى، "حکومەتى کاربەرێکەر تەنها ناتوانێت قەرزى دەرەکى بکات، بەڵام دەتوانێت کاروبارى رۆژانەى هاووڵاتییان بەڕێبکات؛ تەنانەت سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش دەسەڵاتى دەبێت کە داوا لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بکات پڕۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوە ببات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ