رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر دەڵێت، لەمەودوا هەرکەس بەشەخۆراکی مانگانە لەکاتی خۆیدا وەرنەگرێت بەشەکەی رادەگرن.
دلێر عەبدولواحید، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بریکارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، کە خەڵک نەچوو بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراک تاوەکو بەشی دواتر دێت، ناوەکەیمان بۆ بنێرن بۆ بڕینی بەشەخۆراکەکەی".
بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر گوتی، ئەو کەسەی نەچێت بۆ وەرگرتنی خۆراک بەشەکەی دەبڕن تاوەکو هۆکارەکەیان بۆ روون دەبێتەوە، ئەگەر هۆیەکی تایبەتی نەبێت دەیخەنە لیستی ئەو کەسانەی پێویستیان بە بەشەخۆراکی مانگانە نییە.
ئامانج لە بڕیارەکە رێگرییە لە کۆن بوون یان خراپ بوونی بەشەخۆراکی مانگانە لە دووکانی بریکارەکاندا.
دلێر عەبدولواحید دەڵێت: "خەڵک هەیە ناچێت بۆ بەشەخۆراکەکەی تاوەکو لە دووکانەکەدا کۆن دەبێت، دواتر هەرخۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەڵێت، خۆراکی خراپبووی پێدراوە؛ دەمانەوێت ئەوە نەمێنێت".
لیژنەیەکی تایبەتمەند لە عێراق پێکهێندراوە و ئێستا لە پارێزگای سلێمانین و بەشێوەی لەناکاو دەچنە دووکانی دابەشکارانی خۆراک بۆ زانینی بڕی خۆراکی ماوە و چۆنێتیی وەرگرتنی خۆراک لای خەڵک.
بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر گوتی: "شاندی لیژنەکە لەم رۆژانەدا دێن هەولێر و سەردانی بریکارەکان دەکەن و لە خەڵکیش دەپرسن، لەبارەی مادەکانی بەشەخۆراک و چۆنێتییان".
ئێستا لە بەشێکی عێراق و هەرێمی کوردستان فۆڕمی وەرگرتنی خۆراک کراوە بە ئەلیکترۆنی. دلێر عەبدولواحید ئاماژە بەوە دەکات: "لە داهاتوودا بڕیارێک دەردەچێت، هەرکەس مانگێک بەشەخۆراکەکەی وەرنەگرێت لە بەغداوە بەشەکەی رادەگیرێت، چونکە بەهۆی ئەپی ئەلیکترۆنی فۆڕمەکەوە هەر لە بەغداوە دەزاندرێت کێ بەشەخۆراکەکەی وەرنەگرتووە".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن. لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ