دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: بڕینی قووتی خەڵک تاوانێکی گەورەیە

30-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پەیامێک لەبارەی بڕیاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بڵاودەکاتەوە و داوای چارەسەری ئەو پرسە بە پشتبەستن بە دەستوور و بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەکات و دەڵێت، بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە پێچەوانەی بنەمای دەستوور و بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵییە.
 
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رۆژی هەینی، 30ـی ئایاری 2025 رایگەیاندووە: "بەداخەوە دیسان پرسی نەناردنی مووچەی فەرمانبەران، مامۆستا و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە سەریهەڵدا و بووە باس و پرسی خەڵک؛ بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بە هەر بیانوویەک بێت، پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور و بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵییە کە نابێت بابەتی مووچە تێکەڵی کێشە و پرسە سیاسیەکان بکرێت."
 
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات: "بڕینی قووتی خەڵک تاوانێکی گەورەیە، ئەوە جگە لەوەی مووچەخۆران تووشی دڵەڕاوکێ و ترس دەکات و کاریگەری گەورە لەسەر بازاڕ و کاروکاسبی هاووڵاتیان دەکات."
 
وەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت، "بەداخەوە لەکاتێکدا چەند رۆژێک بۆ جەژنی قوربانی پیرۆز ماوە، لەبری ئەوەی بەغدا هەنگاوی دیکەی هاوێشتبا بۆ چارەسەری کێشەکان و دەبوو زووتر مووچە بنێرێت تاوەکو خەڵک بۆ جەژن پێداویستیەکانیان دابین بکەن، کەچی بڕیاری نەناردنی مووچەی دا و مووچەخۆرانی هەناسەسارد کرد."
 
دەستەکە دەڵێت: "تێکەڵکردنی مووچەی هاووڵاتیان بە هەر پرسێکی دیکە کارێکی رێگەپێنەدراو و نادەستورییە. داوا لە بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین کە هەرچی زووە مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بنێرێ، هەروەها بۆ چارەسەری کێشەکانیش هەوڵ بدەن بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستاندن و پشت بەدەستوور و رێککەوتنەکان ببەستن."
 
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوا لە بەرپرسان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکات: "هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسی و دەستووری بگرنەبەر بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچە پێش جەژن، چونکە چی دیکە فەرمانبەران بەرگەی ئەو سزایانە ناگرن و پێویستە بڕیار و قسەی جیدی و یەکلاییکەرەوە بکەن."
 
رۆژی 28ـی مانگ، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، چیدیکە مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرن بەبیانووی ئەوەی کوردستان پشکی خۆی لە بودجەدا وەرگرتووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایار، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە و رایگەیاند: "بڕیارەکەی عێراق پێچەوانەی دەستوورە و دەبێ زیاتر لە 9 ترلیۆن دیناری دیکە بنێرێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.