رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، چوار هاووڵاتییان بە تۆمەتی سووتاندنی پووش و پاوانی ناوچەکانی وێڵەیەر، بەکرەجۆ و دێکۆن دەستگیرکردووە کە دووانیان بە "ئەنقەسەت" ئاگریان لە زەوییەکان بەرداوە.
رۆژی هەینی 30ـی حوزەیرانی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، رایگەیاند، "چوار تۆمەتباری سووتاندنی پووش و پاوانی ناوچەکانی وێڵەیەر، بەکرەجۆ و دێکۆن دەستگیرکران".
ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، دوای لێکۆڵینەوە و دەستکەوتنی زانیاری، دوێنێ پێنجشەممە بە فەرمانی دادوەر چوار تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، تۆمەتباران وەکو تۆمەتباری دروستکردنی سێ رووداوی ئاگرکەوتنەوە دەستگیرکراون، کە یەکێکیان لە ناوچەی وێڵەیەر روویداوە و دوو لە تۆمەتباران "دانیان بەوەدا ناوە دوای بەسەربردنی کات بە ئەنقەست ئاگریان لەو ناوچەیە بەرداوە و ئەوەش بووەتە هۆی سووتانی چەندین دۆنم پووش و پاوان".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەروەها لە ناوچەی عەزیزئاوا کەسێک کە باری دەروونی "جێگیر نییە" بووەتە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرێک؛ ئاگرێکی دیکەش هاووڵاتییەک هۆکار بووە کە ویستوویەتی باخەکەی لە گوندی دێکۆن لە ناحیەی بەکرەجۆ پاکبکاتەوە بۆ ئەوەش ئاگری کردووەتەوە و بووەتە هۆی سووتانی چەندنین دۆنم پووش و پاوان. ئاسایش ئاماژەی بەوەکردووە، دادوەر دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ هەر چوار تۆمەتبارەکە کردووەتەوە.
ئەمساڵ لەکاتی پێگەیشتنی گەنمی جووتیاراندا، چەندین دۆنم زەوی بە گەنم چێندراو بە ئاگر سووتان و زیانێکی زۆری مادی بە خاوەن زەوییەکان گەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ