هێڵی ئاسمانیی قەتەر گەشتەکانی بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

30-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هێڵی ئاسمانیی قەتەر، دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کورستان راگەیاند، سبەی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و دوو سبەی بۆ سلێمانی دەستپێدەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە (30-06-2025) هێڵی ئاسمانیی قەتەری دەستپێکردنەوەی تەواوەتیی گەشتەکانی بۆ عێراق، هەرێمی کوردستان، لوبنان، ئوردن و سووریا راگەیاند.
 
لاوەند مەموندی، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 30ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێڵی ئاسمانیی قەتەر سبەی سێشەممە گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و دوو سبەیش بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە.
 
فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بریتین لە بەغدا، بەسرە، نەجەف، هەولێر، سلێمانی و کەرکووک. 
 
هێڵی ئاسمانیی قەتەری لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە، لە ئەمڕۆوە گەشتەکانی بۆ پێنج شار لە عێراق دەستپێدەکاتەوە، لە کاتێکدا گەشتەکانی بۆ سووریا لە 6ی تەممووزی داهاتووەوە دەستپێدەکەنەوە. لە سبەی سێشەممەوە، خشتەی گەشتە ئاساییەکانی بۆ هەریەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی رەفیق حەریری لە لوبنان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شاژن عەلیا لە ئوردن دەستپێدەکاتەوە.
 
دوێنێ یەکشەممە، 2025-06-29، دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "2025-07-02 هێڵی ئاسمانیی قەتەری گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە و یەکی هەمان مانگیش فڵای دووبەی گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەکەمان دەستپێدەکاتەوە."
 
بەگوتەی دانا محەممەد، یەکەم گەشتی قەتەر کاژێر 04:30ـی بەرەبەیانی 2025-07-02 دەبێت. باسی لەوەش کرد: "پێشتر گەشتەکانی قەتەر هەفتانە پێنج رۆژ بوو، ئێستا کردوویانە بە رۆژانە."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی گوتی: "لە دوای ئاساییبوونەوەی گەشتەکانی عێراق، گەشتی شاهانەی ئوردنی و هێڵی ئاسمانیی عێراق لە فڕۆکەخانەکەمان ئاسایی بوونەتەوە."
 
هێڵی ئاسمانیی قەتەر، ئێستا گەشتی بۆ 170 وڵاتی جیهان هەیە، ئۆفیسی سەرەکی لە دەوحەی پایتەختی قەتەرە، دوانزە جار خەڵاتی باشترین هێڵی ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و  نۆ جاریش باشترینی لە جیهان بەدەستهێناوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆمپانیای نەوتی باکوور

بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور: زیانە مادییەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی ئەمڕۆ زۆر کەم بوون

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە وێستگەیەکی گازی کەرکووک کەوتەوە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور کە وێستگەکە لە سنووری سەرپەرشتیی کۆمپانیاکەیدایە، لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت، هەموو شتێک ئاسایی بووەتەوە و ئاگرکەوتنەوەکە لە بۆرییەکی بچووکی وێستگەکە بووە.