وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەوانەی چەکی بێ مۆڵەتیان هەیە: دوو مانگ کاتتان هەیە و چەکەکانتان تۆمار بکەن

30-07-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی 22ـی تەممووز دوایین مۆڵەت بوو بۆ پێدانی مۆڵەتی چەک و نوێ نەکرایەوە، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، یاسای چەک دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە و بەگوێرەی یاساکە، هەر کەسێک مۆڵەتی بۆ چەکەکەی وەرنەگرتبێت، دەتوانێت لە ماوەی دوو مانگدا مۆڵەت وەربگرێت. 
 
رۆژی یەکشەممە 30ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە رێگەی کردنەوەی 90 بنکەی تۆمارکردنی چەکەوە زیاتر لە 17 هەزار چەکی هاووڵاتییانیان تۆمار کردووە و پسوولەی تۆماریان بە هاووڵاتی داوە، لە 22ـی تەممووزی 2023ـەوە یاسای چەک، بە ژمارە 2ی ساڵی 2023 کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: "ئەو هاووڵاتییانەی هێشتا چەکی تۆمارنەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بەگوێرەی مادەی 12، بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک، لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن، تاوەکو لە سزا ببووردرێن." 
 
لە بڕگەی یەکەم لە مادەی 12ـی یاسای چەکدا هاتووە: هەرکەسێک لە ماوەی (60) رۆژ لە دوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، هەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەکێکی بێ مۆڵەت، لە سزا دەبووردرێت و دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەتی پێ بدات." 
 
وەزارەتی ناوخۆ چەند شوێنێکی دیاریکردووە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت چەکەکانیان تۆمار بکەن و رایگەیاندووە، هاونیشتمانییان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە؛ یان سەردانی دیوانی ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، راپەڕین، سۆران و زاخۆ بکەن و داوای مۆڵەت بکەن بۆ چەکەکانیان.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لەگەڵ پێشکێشکردنی داواکاریی وەرگرتنی مۆڵەتی چەک، تاوەکو کەسەکە وەڵامی داواکارییەکەی دەدرێتەوە چەکەکەی وەکو چەکێکی ناسراو دەناسرێت و مامەڵەی چەکی قاچاخی لەگەڵدا ناکرێت.
 
بەگوێرەی یاسای چەک، هاونیشتمانییان دەتوانن بۆ دوو جۆر مۆڵەتی داواکاری پێشکێش بکەن:
 
یەکەم: مۆڵەتی دەستداریی چەکی ئاگرین و تفاقی: واتا ئەو کەسەی داوا دەکات کە مۆڵەت وەربگرێت چەکێکی هەبێت لە ماڵەوە، وەکو کلاشینکۆف یان دەمانچە؛ یانیش هەردووکیان و مۆڵەتەکەی بە گوێرەی یاسای چەک بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت. ئەم مۆڵەتە تەنیا بۆ هەبوونی چەکە بە شێوەی یاسایی لە ماڵەوە و مافی ئەوە نادات بە هاووڵاتی تا چەکەکە هەڵبگرێت و بیهێنێتە دەرەوە.
 
دووەم: مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی ئاگرین و تفاقی: ئەم مۆڵەتە بۆ هەبوون و هەڵگرتنی چەکە و بۆ یەک ساڵ سوودی لێ وەردەگیرێ و دەکرێت نوێ بکرێتەوە.
 
بەگوێرەی مادەی 15ـی یاسای ژمارە 2ـی چەک لە هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 1-3-2022 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسندکراوە، سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت یان هەبوونی لە ماڵەوە، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بریتی دەبێت لە بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
 
بەگوێرەی یاساکە، ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت، دەبێت تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت و کێشەی دەروونی و جەستەیی نەبێت، پێشینەی تاوان و ئەمنی نەبێت، هەروەها پاساوێکی گونجاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەک.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.