پێنج هەزار کەس لە سلێمانییەوە براونەتە بەغدا و "فێڵیان لێکراوە"

30-07-2023
هۆرڤان رەفعەت
دوو لەو کەسانەی فێڵیان لێکراوە.
دوو لەو کەسانەی فێڵیان لێکراوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوو کرێکار پێش دوو ساڵ لەلایەن دەڵالێکەوە بە فێڵی بڕینەوەی مووچە و پێدانی پارە، براونەتە بەغدا و ژمارەیەک نوسراویان واژۆ کردووە و لەبەرامبەردا لە 150 دۆلارەوە تا 500 دۆلار بۆ هەر جارێک پێیان دراوە.
 
ناسنامە و وێنە و بەڵگەنامە کەسییەکانی ئەوان و نزیکەی پێنج هەزار کەسی دیکەی خەڵکی سنووری سلێمانی کە ویستوویانە هەمان پارە وەرگرن، بێ ئاگاداری بۆ دروستکردنی کۆمپانیای خەیاڵی بەکارهاتووە. 
 
یەكێک لەو هاونیشتمانییانە دەڵێت، "ئێمە پێشتر لە لایەن هەواڵگریی عێراقەوە ئاگادارکراینەوە کە شتێکی ئاوا بەناومانەوە کراوە و وەرن بەلایەوە. ئێمە چووینە ئەوێ و نووسراوەکانمان رەتکردنەوە و گوتمان ئاگامان لە شتی وا نییە. ئەوان چەندەها جۆر فێڵیان کردووە، یەکێک لەوانە، گوتیان بەشەپارەیەک هەیە لە بەغدا و بۆ هەرێمی کوردستانە. نایدەن بە حکومەتی هەرێم، وەرن خۆتان وەکالەتێکمان بۆ بکەن و وەریگرن." 
 
هاونیشتمانییەکی دیکە دەڵێت، "لەوێ کۆمەڵێک واژۆی زۆریان پێ کردین. نەبوونی وایلێکردین ئەم واژۆیانە بکەین. لەوێ کۆمەڵێک قسەیان کردووە کە گوتوویانە تەنیا هەر واژۆیەکە و هیچی دی نییە." 
 
دۆسیەی ئەم خەڵک فێڵ لێکراوە، سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کردووە. ئەو دەڵێت، زۆرینەی کۆمپانیا دروستکراوە خەیاڵییەکان بەناوی هاوردەکاری کاڵای جۆراوجۆر تۆمارکراون، بەڵام هەموو کارەکانیان وەک دروستکردنەکانیان ساختە بوون.
 
سۆران عومەر دەڵێت، "هەیانە کۆمپانیای بەناوەوەیە، سەرمایەکەی 12 ملیار، 11 ملیار و 500 ملیۆن دینارە. هەیانە سەرمایەی کۆمپانیاکەی، بەناویانەوە دروستکردووە، یەک ملیار دینارە. هەشیانە لەو یەک ملیار دینارە، هەر پشکێکی فرۆشراوەتەوە بە ملیۆنێک. لەبەر ئەوە، ئەمانە بەشداری پێکراون لە مەزادی دراو، لە وەرگرتنی پارە و دۆلار بەناوی هێنانی کاڵا و ئەسڵ و ئەساسی نییە و ئەوانەشی ئەم بازرگانییەیان پێکردووە، دیارن." 
 
ئێستا بەشە خۆراکی مانگانەی سەرجەم ئەم پێنج هەزار کەسە بڕاوە، چونکە ئێستا ئەوان وەکو خاوەن کۆمپانیا لە وەزارەتی بازرگانی عێراق تۆمارکراون.
 
سۆران ئەحمەد بەڕێوبەری تۆماری کۆمپانیاکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "بەپێی یاسا بەرکارەکانی عێراق، هەر هاونیشتیمانییەک، کۆمپانیا دروستبکات، یان رەزامەندی دابێت بۆ بەناوکردنی کۆمپانیا بەناوییەوە، جا بە ئاگاداری خۆی بوبێت یان بە نەزانین، هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی دەکەوێتە سەر و وەکو هەر خاوەن کۆمپانیایەکی دیکە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ناوی دەچێتە سیستەمی باجدەران و سەرمایەدارانەوە."
 
جگە لە سلێمانی لە زۆرینەی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراقیش چیرۆکی هاوشێوە هەن، دەزگای هەواڵگریی عێراق دۆسییەکی گرتووەتە دەست و لێکۆڵینەوە لە پارێزگاکانی دیکەش دەستپێکردوە..
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دابەشکردنی نەوتی ماڵان. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

سامانە سرووشتییەکان: 601 هەزار خێزان نەوتیان پێدراوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە. بەرپرسێکی نەوت و کانزاکان دەڵێت، ئەوەی دابەشکراوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری پارێزگاکان بووە و قۆناخی دواتر لە سەنتەری پارێزگاکان دابەش دەکرێت.