رووداو - سلێمانی
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئەمشەو نزیک کاژێر 09:30 خولەک کێڵگەی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەم بە دوو کاتیۆشا بۆردوومان کراوە و ئێستاش تیمێکی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوا چوونەتە کێڵگەکە بۆ لێکۆڵینەوە.
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کێڵگەی کۆرمۆر بە مووشەک کراوەتە ئامانج و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش رایگەیاند، كاژێر 09:30ی ئەمشەو بە چەند مووشەکێک هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، "خۆشبەختانە هێرشە مووشەكییەكە هیچ زیانێكی گیانی و مادیی لێنەكەوتووەتەوە."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزیری سامانە سرووشتییەكان (بە وەكالەت) راستەوخۆ لەگەڵ بریكاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و تیمی وەزارەت و لایەنە ئەمنییەكان لەسەر هێڵە و، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای دانەغاز بەدواداچوونی دۆخەکە دەکات تاوەکو کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی گاز و کارەبا نەکات.
بەپێی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی دەست پەیامنێری رووداو کەوتووە، "بۆردوومانەکە بە کاتیۆشا کراوە و لە نزیک قەزای دووزخوورماتوەوە هەڵدراون و لەنزیک شوێنی مانەوەی کارمەندان کەوتووەتە خوارەوە."
کارمەندی یەکێک لە کۆمپانیا نەوتییەکان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بە رووداوی گوت، "بۆردوومانەکە بە دوو مووشەک بووە و تائێستا نازانرێت زیانەکان چەندن، بەڵام زەنگی ئاگادارکردنەوە بەردەوام لێدەدات و داوامان لێ کراوە بچینە ژێر سەقفە کۆنکرێتییە ئەستوورەکانی دوور لە جێگای پشوودانەکانمان تاوەکو سەلامەت بین. دۆخی کێڵگەکە ناسەقامگیرە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ