رووداو دیجیتاڵ
17 رۆژە ئێران سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی قەڵادزێ و دەوروربەری گرتووەتەوە. بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە دۆخەکە ئاگادار کراوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 30ـی ئابی 2023، ئەندازیار سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ 17 رۆژە لەلایەن ئێرانەوە سەرچاوەی ئاوی زێی بچووک گیراوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو بەنداوەی لەسەر ئاوەکە دروستی کردووە، کە وایکردووە ئاوی سنوورەکە کەم ببێتەوە".
پڕۆژەی ئاوی "خاس" کە سەرچاوەکەی ئاوی زێی بچووکە، رۆژانە لە کاژێرێکدا دوو هەزار و 700 مەترسێجا ئاوی بۆ هاونیشتمانییانی قەڵادزێ و دەوروبەری بەردەدایەوە، سەلام عومەر دەڵێت، دوای گرتنەوەی ئاوەکە لەلایەن ئێرانەوە، پڕۆژەکە بە نیوە ئاو بەردەداتەوە و ئاوەکەش بەرەو کەمبوونەوەی زیاتر دەڕوات.
ئاوی زێی بچووک جگە لەوەی سەرچاوەی ئاوی دانیشتووانی قەڵادزێیە، هاوکات دەڕژێتە نێو بەنداوی دووکان و بەشێکی کۆیە و تەقتەقیش سوود لە هەمان ئاو وەردەگرن.
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، بۆ بەردانەوەی ئاوەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەنگاوی کردارییان نەناوە. گوتیشی، "جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە دۆخەکە ئاگادار کراوەتەوە".
جگە لەوەی ئاوی زێی بچووک سەرچاوەی ئاوی خاوێنی زیاتر لە 100 هەزار کەسە لە سنووری قەڵادزێ، هاوکات بۆ حەوزی ماسی و کشتوکاڵیش لە سنوورەکە سوودی لێوەردەگیرێت.
ئێران لە ساڵی 2017ـەوە بەنداوی کۆڵەسەی لە سنووری شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر زێی بچووک دروستکردووە. بەهۆی گلدانەوەی ئاو بۆ ئەو بەنداوە، ساڵانە بەگوێرەی پێویستیی خۆی، ئاوەکە دەگرێتەوە و ئەم ساڵ ئەمە جاری دووەمە سەرچاوەی ئاوەی زێی بچووک دەگرێتەوە. بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین گوتی، بەرپرسانی ئاو لە شاری سەردەشت دەڵێن، دۆسیەی ئاو راستەوخۆ پەیوەندی بە تارانەوە هەیە و ئەوان ناتوانن دەستوەردانی تێدا بکەن.
بڕیاری دروستکردنی بەنداوی دەڵگە لەسەر زێی بچووک دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە. سەلام عومەر دەڵێت، دروستکردنی ئەو بەنداوە کێشەی کەمیی ئاو لە ئیدارەی راپەڕین و سلێمانیش چارەسەر دەکات، کە بڕیاربووە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە 600 ملیۆن دۆلار دروستبکرێت.
جگە لەوەی لە 13ـی ئابەوە ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە، ئەمساڵ رۆژی 25ـی حوزەیرانیش بۆ ماوەی پێنج رۆژ ئاوەکەی گرتبووەوە؛ ساڵی رابردووش 25ـی ئاب بۆ ماوەی چەند رۆژێک ئاوەکە لەلایەن ئێرانەوە گیرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ