رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: "سلێمانی هەمیشە ناوەندی خەبات، کولتوور و بڕیاردان بووە"؛ نیگەرانی خۆیشی لەبارەی دۆخی سووریا و مافی پێکهاتەکان و هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان دەربڕی.
رۆژی شەممە، 30ـی ئابی 2025، بافڵ تاڵەبانی لە دوایین رۆژی کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات لە سلێمانی وەک سەرۆکی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات لە جیهانی عەرەبی هەڵبژێردرا.
بافڵ تاڵەبانی لە گوتارێکدا ئاماژەی بە مێژووی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن مام جەلال و هاوڕێکانییەوە کرد و گوتی، حیزبەکەی لەسەر بنەمای قوربانیدان، دیسپلین و خزمەتکردنی خەڵک دامەزراوە.
بافڵ تاڵەبانی باسی شاری سلێمانی کرد و گوتی: "سلێمانی هەمیشە ناوەندی خەبات و کولتوور و بڕیاردان بووە... بێ هۆکار نییە کە زۆربەی چالاکڤان و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە سلێمانین."
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا کە ئێستا یەکێتی "بە رۆحی چاکسازی و یەکێتی، نوێ کراوەتەوە."
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بافڵ تاڵەبانی تیشکی خستە سەر دوو پرسی سەرەکی: قەیرانی مرۆیی غەززە و دۆخی سووریا.
سەبارەت بە غەززە، سەرۆکی یەکێتی گوتی: "نابێ دڕندەییەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر لەبیربکەین، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێ کە دڕندەیی پاساو بە دڕندەییەکی دیکە نادات؛" هەروەها ستایشی دادگای نێودەوڵەتیی تاوان و هەنگاوە نوێیەکانی تورکیای کرد.
سەبارەت بە سووریا، بافڵ تاڵەبانی هیوای سەرکەوتنی بۆ حکومەتی نوێی سووریا خواست، بەڵام نیگەرانی خۆی سەبارەت بە داهاتووی پێکهاتەکان، ئاستی ژیان و سیستمی یاسایی و دادوەری، بەتایبەتی بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەربڕی.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، بافڵ تاڵەبانی داوای کۆبوونەوەیەکی خێرای دەستەی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانی سۆسیال دیموکرات لە جیهانـی عـەرەبـی کرد بۆ داڕشتنی پلان و دەستپێکردنی کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ