بۆ گۆڕینی گلێنەی چاو 64 بەرکەوتەی کیمیایی رەوانەی ئێران دەکرێن

30-09-2022
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی 262 ملیۆن دیناری بۆ چاندنی گلێنەی چاوی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی-دا. بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە داوا دەکات وەزارەتی دارایی "بە زوویی" پارەکە خەرجبکات.
 
رۆژی هەینی 30-9-2022، دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوو ساڵ پێش ئێستا "لیژنەیەک لە باشترین پزیشکانی ئێران هاتنە هەرێمی کوردستان بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی پێویستییان بە گۆڕینی گلێنەی چاوە؛ لەسەر بنچینەی کاری ئەو لیژنەیە ئێمەش نووسراومان گەیاندە ئەنجوومەنی وەزیران." 
 
بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە گوتی، ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری خەرجکردنی 262 ملیۆن دیناری بۆ ناردنە دەرەوەی 64 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی بۆ ئێران دەرکردووە؛ گوتیشی: "داوا لە وەزارەتی دارایی دەکەین بە زوویی پارەکە خەرج بکەن، چونکە ئەو کەسانەی بڕیارە بنێردرێنە دەرەوە ناکرێت ناردنە دەرەوەیان دوابخرێت و تەندروستییان خراپتر ببێت." 
 
لە ساڵانی رابردوودا چەند جارێکی دیکە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی رەوانەی ئێران کراون؛ ئەو کارە سەرەتا لە رێگەی وەزارەتی شەهیدانەوە کراوە و دواتر خراوەتە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی؛ ناردنی ئەو 64 بەرکەتووەی ئەمجارە بە هاوئاهەنگی هەردوو وەزارەتەکە دەبێت.
 
لە هەڵەبجە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەیە. ئازاد مستەفا دەڵێت، هەموو نەخۆشەکانی چاو و سنگ سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا گلێنەی چاوی تێدا نەگۆڕدراوە؛ لەبارەی هۆکارەکەشییەوە گوتی: "لێرە گلێنەی چاو دەستناکەون؛ هەرچەندە پزیشکی زۆر باش لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام بەشێکی بەرکەوتووان نایانەوێت لێرە نەشتەرگەرییەکە بکەن؛ ئەوەشی لە ئێران نەشتەرگەرییەکەیان بۆ دەکات باشترین پزیشکی چاوە لەو وڵاتە." 
 
بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە وێڕای سوپاسکردنی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بڕیارەکە گوتی: "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو نەخۆشخانەکانی هیوا و نانەکەلی کە تایبەتن بە شێرپەنجە و بودجەی تایبەتیان هەیە، لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بڕوانێت و بودجەی بۆ دابینبکات، چونکە ئێستا لە هەموو هەرێمی کوردستانەوە بەرکەوتووانی کیمیایی سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن." 
 
ئەو 64 هاونیشتمانییەی بڕیارە بنێردرێنە ئێران تەنیا خەڵکی هەڵەبجە نین و خەڵکی تەواوی ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستانی تێدایە کە لەکاتی دەسەڵاتی پێشووی عێراقدا چەکی کیمایی دژیان بەکارهێندراوە.
 
ئەوانەی دەنێردرێنە دەرەوە ئەو كەسانەن بەهۆی کاریگەرییە درێژخایەنەكانی سووتانی گلێنەیان بە گازی خەردەل بیناییان لە مەترسیدایە. دەسەڵاتی پێشووی عێراق لە سەدەی رابردوودا چەندین جار ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی بە چەکی کیمایی بۆردوومان کرد، کە گەورەترینیان بۆردوومانی شاری هەڵەبجە بوو لە 16-3-1988دا، کە بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار هاونیشتمانی شەهید بوون و هەزارانیش برینداربوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سووریا لە تانکەکەیەوە هاتووەتە دەرەوە.

بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردە و گرووپی چەکداریی سووریا دا سەپاند

حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و بازرگانانی نزیک لە حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە "سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی".