رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و بەدیهێنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
دوێنێ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی راگەیاند کە ئەگەر ئیسرائیل و حەماس و لایەنەکانی دیکە جێبەجێی بکەن، جەنگی غەززە کۆتایی دێت و کەرتەکە دەدرێتە دەست بۆردێکی نێودەوڵەتی بەڕێوەی ببات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 30-9-2025، رایگەیاند، "پێشوازی لە پلانی گشتگیری سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە دەکەم و پێشەنگایەتییەکەی بەرز دەنرخێنم".
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، "هانی هەموو لایەنەکان دەدەم کە بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە لە گفتوگۆدا بەشدار بن و رۆحیەتی سازش نیشان بدەن، لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانییەکی درێژخایەن بۆ گەلانی ناوچەکە".
دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی پلانەکەیان ئاشکراکرد، ترەمپ گوتی، "پلانەکە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی جەنگێک کە دەیان و سەدان ساڵە بەردەوامە".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش باسی لەوە کرد، کە ئەگەر حەماس پەسندی نەکات و خاڵەکان جێبەجێ نەکات، ئەوا بە رێگای سەربازی کۆتایی بە دەسەڵاتی بزووتنەوەکە لە غەززە دەهێنن.
تائێستا حەماس بەفەرمی وەڵامی پلانەکەی ترەمپی نەداوەتەوە، چەندین وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی لەسەر هێڵن لەگەڵیدا تاوەکو رەتینەکاتەوە و ئاشتی لە غەززە بێتە ئاراوە.
بەپێی پلانەکە، دەبێ حەماس چەک دابنێت و هیچ رۆڵێکی لە حکومڕانی غەززەدا نەمێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ