رووداو دیجیتاڵ
ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەگۆڕدرێت بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "جەلال تاڵەبانی".
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 30-09-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوە، رەزامەندییان لەسەر داواکارییەک داوە بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکە.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، داواکارییەکە لەلایەن "دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی"ـیەوە پێشکێش کراوە و بڕیارەکە بەمزووانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، حوسێن عەلی حوسێن جابر، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی عێراق، 7ی ئەم مانگە نووسراوێکی ئاراستەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی کردووە بۆ گۆڕینی ناوەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی.

هاوکات رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 27ی تەممووز و رەزامەندیی وەزیری گواستنەوەش لە 8ی ئاب، هاوپێچی نووسراوەکە کراون.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، ساڵی 2003 بەردی بناخەی بۆ دانرا و ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ