رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی 10 ئەندام، دانیشتنی ژمارە 12ی ئاسایی خۆی کرد و تێیدا نەخشەی وەبەرهێنان و داڕشتنی سیاسەتی گشتیی پارێزگاکەی تاوتوێ کرد.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی دانیشتنەکە تاوتوێکردنی نەخشەی وەبەرهێنانی پارێزگاکە بوو. هەر لە دانیشتنەکەدا میکانیزمەکانی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بە گوێرەی کاری لەپێشینەی گەشەپێدان و پێداویستییەکانی دانیشتووان تاوتوێ کرا.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتیشی، ئەنجوومەنەکە تاوتوێی داڕشتنی سیاسەتێکی گشتی بۆ پارێزگای کەرکووک کرد بەمەبەستی یەکخستنی دیدگەکان و پەرەپێدانی ستراتیژییەتێکی کاری گشتگیر کە خزمەت بە دۆخ و داهاتووی پارێزگاکە بکات.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێ؛ شەش ئەندامیان ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون کە پێکهاتوون لە دوو ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو ئەندامی عەرەب و دوو ئەندامی تورکمان.
عەبدوڵڵا میروەیس رایگەیاند، بڕیار بوو میوانداریی بەڕێوەبەری ئاوەڕۆکانی کەرکووک بکرێ لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان، بەڵام بەڕێوەبەری ئاوەڕۆکان کۆبوونەوەیەکی لەناکاوی لە بەغدا بۆ هاتە پێش، بۆیە داوای لێبووردنی کرد و پرسەکە بۆ دانیشتنێکی دیکە دواخرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ