کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغدا تەواوبوو؛ بەپێی کام یاسا پێشمەرگە خانەنشین دەکرێت؟

30-09-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی یاسای خانەنشینی لەگەڵ دەستەی گشتیی خانەنشینان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی سەربازیی عێراق کۆبووەوە. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە و کەمئەندامان کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربووە، رایگەیاند، روونکردنەوەی تەواویان لەبارەی خانەنشینی پێشمەرگە وەرگرت و دەست بە جێبەجێکردنی رێکارەکان دەکەن.
 
شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە دوێنێ دووشەممەوە لە بەغدایە و لەسەر پرسی خانەنشینی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق کۆبووەوە.
 
هەرێمی کوردستان دەیویست یاسای ژمارە 38ی ساڵی 2007 کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، جێبەجێ بکرێت، بەڵام عێراق دەیویست بە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 کاربکرێت.
 
رۆژی سێشەممە 30ی ئەیلوولی 2025، فەتحوڵڵا عومەر سووسەیی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە و کەمئەندامان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆبوونەوەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچوو و لەسەر کۆی بابەتە پەیوەندیدارەکان بە خانەنشینی گفتوگۆ کرا. هەندێک ناڕوونی هەبوو، بۆیە داوامان کرد روونکردنەوەی تەواو بدرێت. روون بووەوە کە رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان بەپێی یاسای ژمارە 38ی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام رێکارە داراییەکان بەپێی یاسای ژمارە 9ی عێراق دەبێت."
 
بە گوتەی فەتحوڵڵا عومەر، دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە بەغدا، دەست بە رێکارەکان دەکرێت؛ گوتیشی، "یاساکە بە شێوەیەک جێبەجێ دەکرێ کە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان مووچەی خانەنشیناندا دروست نەکات، بەڵکو تەنانەت لە بەرژەوەندیی ئەواندا بێت."
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتی خانەنشیانی پێشمەرگە و کەمئەندامان باسی لەوەش کرد، "ئەم یاسایە تەنیا بۆ ئەوانە دەبێ کە لە ساڵی 2025ـدا بۆ خانەنشینی دەشێن. ئەوانی پێشووتر بە یاسایی 38 خانەنشین دەبن."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە