رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێ، سبەی لیستی مووچەی مانگی تەممووز رادەگەیێندرێ.
رۆژی سێشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، 956 ملیار و 928 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی لیستی مووچەی مانگی تەممووز بڵاودەکەینەوە و ئەگەر سبەی هەموو رێکارەکان تەواوبوون، هەر سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێ، ئەگەرنا رۆژی پێنجشەممە مووچە دابەشدەکرێ".
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی، "هەوڵ دەدرێ لە سێ بۆ چوار رۆژدا مووچەی هەموو مووچەخۆران دابەشبکرێ"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە لیستەکەدا نەکراوە، تەنیا ناوی زیاتر لە 3,000 خانەنشین بۆ لیستی مووچە زیاد کراوە".
سەرچاوەکەی رووداو باسی لەوەشکرد: "ئەو هاووڵاتییانەی سوودمەند بوون لە پڕۆژەی هەژماری من، دوای ئەوەی نامەی ئاگادارکردنەوەیان پێدەگات، دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن".
بە گوتەی سەرچاوەیەکی دیکە بۆ رووداو، "بەشداربووانی پڕۆژەی هەژماری من لە وەزارەتەکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، تەندروستی و خانەنشینانی مەدەنی، دوای گەیشتنی کورتەنامە دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن و ئەگەری زۆری سبەی بێ".
بۆ مانگی تەممووز، 500,000 مووچەخۆر لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە مووچەکانیان وەردەگرن. دابەشبوونیان بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
پارێزگای هەولێر؛ 274,000 مووچەخۆر
پارێزگای دهۆک؛ 144,400 مووچەخۆر
پارێزگای سلێمانی؛ 83,100 مووچەخۆر
بەپێی ئامارەکانی پڕۆژەی هەژماری من، 266,400 بەشداربوو فەرمانبەری مەدەنین، 191,500ـیان پێشمەرگە و ئاسایشن و 43,600ـیان خانەنشینن.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رۆژی 1ـی ئەیلوولی 2025، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی بڵاوکردەوە و لە ماوەی سێ رۆژدا دابەشیکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ