رووداو دیجیتاڵ
هەفتەیەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی داوە، بەڵام فەرمانی خەرجکردنی پارەکە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە نەدراوە. بەگوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار، دوو هۆکاری جیاواز هەن بۆ دواکەوتنەکە، ئەویش کێشەی نەختینە و دابەشکردنی مووچەی دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵە.
رووداو لەگەڵ دوو سەرچاوەی ئاگاداری بەغدا قسەی کردووە لە بارەی دواکەوتنی فەرمانی خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی، کە باسی دوو هۆکاری جیاواز دەکەن.
یەکێک لە سەرچاوەکان گوتی: "بۆچوونی وەزارەتی دارایی فیدراڵی وابووە، کە مووچەی هەندێک لە وەزارەت و دامەزراوەکانی خۆیان دابەش بکەن و دواتر بڕیاری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدەن، بەتایبەت کە دابەشکردنی مووچە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی دواکەوتووە، کە لە 25ی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە."
سەرچاوەکەی دیکەی رووداو لە بەغدا گوتی: "وەزارەتی دارایی کێشەی کەمی نەختینەی دیناری هەیە بۆ مووچە."
تێکڕای پارەی شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵی مووچە لە عێراق 43.6 تریلیۆن دینار بووە، کە مانگانە 7.7 تریلیۆن دیناری پێویست بووە، لە کاتێکدا داهاتی مانگانە لەو ماوەیەدا 10 تریلیۆن دینار بووە، کە بەوپێیە پارەی مووچە زیاتر لە 77%ی داهات دەبات.
بۆ چارەسەری کێشەی کەمی پارەی نەختینە، 29ی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری راسپاردەیەکی پەسند کرد تاوەکو بدرێتە ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق بۆ پەسندکردنی بۆ ئەوەی بە بڕی پێنج تریلیۆن دینار قەواڵەی دارایی بخرێتەڕوو، کە بەوەش چارەسەری شایستەى دارایی پڕۆژەکانى پێ دابین بکرێت.
ئەم ساڵ دوو جار وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ قەواڵەى دارایی خستووەتەڕوو، کە بریتییە لە فرۆشتنی پسوڵەیەکی پاڵپشتیکراو لەلایەن وەزارەتەکەوە بە هاووڵاتییان و کۆمپانیا و بانکەکان، بەرامبەر بە بڕێک پارە لە بەرامبەر سوودێکی دیاریکراو. ئەوەش بە ئامانجی راکێشانی دینار بۆ ئەو وەزارەتە و پڕکردنەوەی کورتهێنانی نەختینە.
محەممەد خوزاعی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: بڕیارە لەسەر ئەو پرسی نەختینەییە لیژنەکەیان کۆببێتەوە بۆ زانینی دۆخی پرسەکە و راسپاردەی پێویست بخرێتەڕوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ