کوردستان
کارمەندێکی تیمەکانی سەرژمێری لە پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە هەولێر. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 10 مانگ بەسەر سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تێپەڕیوە، بەڵام ئەنجامی کۆتاییەکەی پەسند نەکراوە، بەربەستێکی سەرەکی لەبەردەم ئەو پەسندکردنە، ناوچە کوردستانییەکان و چارەنووسی ئەو کەسانەیە کە لە 1957ەوە لەو ناوچانە نەبوون.
ئەو سەرژمێرییە لە 20ی تشرینی دووەمی 2024 کرا و ئەنجامەکەی لە 24ی شوباتی ئەم ساڵ راگەیێندرا، بەڵام ئەو ئەنجامە بە هەموو وردەکارییەکەوە پەسند نەکراوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕى میدیایی رووداو، هۆکاری سەرەکیی پەسندنەکردنی ئەنجامی کۆتایی، پەیوەندیدارە بە ناوچە کوردستانییەکانەوە، کە هەولێر و بەغدا بەر لە ئەنجامدانی سەرژمێری، لەسەر 7 خاڵی پەیوەندیدار بەو ناوچانە رێککەوتن.
بەربەستی سەرەکی پرۆسەی بەراوردکردنی بەڵگەنامەی دانیشتووانی ئێستای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەیە بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 1957، کە سەلمێنەری دانیشتووانە رەسەنەکەیەتی.
ئەو کێشەیە لە یەکلاییکردنەوەی چەند پرسێکی کارگێڕی لە ناوچە کوردستانییەکان دەرکەوت، بەتایبەت هەوڵی بەقەزاکردنی ناحیەی باشیک لە نەینەوا کە ناوچەیەکى کوردستانییە. لەگەڵ ئەوەی 23 واژۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ بەقەزاکردنی کۆکراوەتەوە، بەڵام لەوێدا ئەو رێکارە راگیراوە بە پاساوی پەسندنەکردنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری.
محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی راگەیاند، "هۆکاری پەسندنەکردنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری ئەوەیە، زانیارییەکانى بەراورد نەکراوە بە سەرژمێریی ساڵی 1957 کە لە سنووری نەینەوا 40%ی خاکەکەی دەگرێتەوە."
بەراوردکردنەکە ئەو کەسانە بە دانیشتووى هەمیشەیی ناوچەکە هەژمار ناکات براونەتە ئەو ناوچانە، کە لە پرۆسەکانى هەڵبژاردن و راپرسی لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە، ناتوانن دەنگ بدەن.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، "بەگوێرەی ئەو بەراوردکردنە، عەرەبە هاوردەکان لەسەر ئەو ناوچانە هەژمار ناکرێن، بەتایبەت ئەوانەی لەدوای 2014 چوونەتە چەند ناوچەیەک، لەوانە ناحیەی تلکێف."
پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری بۆ ئەوەیە رێکارەکانی ئەو پرۆسەیە بەگوێرەی پارێزگاکان پەسند بکرێت و بڵاوبکرێتەوە، کە تاوەکو سەرژمێریی داهاتوو پشت بە زانیارییەکانی دەبەسترێت.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت، "کاتێک بەدواداچوون دەکەین بۆ هۆکاری پەسندنەکردنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری، هەرجارەو پاساوێک دەهێندرێتەوە."
پەسندکردنی کۆتایی ئەنجامی سەرژمێری بۆ کەرکووک یەکلاییکەرەوە دەبێت، چونکە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیى شۆڕش و کاروباری باکووری سەردەمی حیزبی بەعس، بە هاوردەکردنی عەرەب و دەرکردنی کورد و تورکمان گۆڕانکارییان لە پێکهاتەی دانیشتووانەکەی کردووە.
بە گوتەى عەبدوڵڵا میروەیس، پەسندنەکردنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری، کاریگەریی لەسەر کەرکووک دەبێت و وادەکات عەرەبە هاوردەکان کە نەگەڕاونەتەوە، لەو هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت. پێشتر لە ساڵی 2023 لیژنەیەک پێکهێندرا بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەوانەی لەو شارە دەتوانن دەنگ بدەن، بەڵام هەندێک لە عەرەبە هاوردەکان بەگوێرەی ئەنجامی کاری ئەو لیژنەیە دەتوانن لە کەرکووک دەنگ بدەن.
پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە بە هاوئاهەنگی و رەزامەندیی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان دەبێت، دواتر دەنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پەسندکردنی.
رووداو لەو بارەیەوە پرسیاری لە عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کرد و گوتی، "زانیاریم نییە لەبارەی هەر کۆبوونەوەیەکی لەوجۆرە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ