گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەران: رۆتین خەریکە وەبەرهێنەران دەخنکێنێت

31-10-2023
شیراز رەئوف
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران دەڵێت، ئێستا دۆخی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان خراپە بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، هەروەها "رۆتین خەریکە وەبەرهێنەران دەخنکێنێت."
 
مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنه‌رانی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکەشی دەکات گوتی: سەرۆکوەزیران بەڵێنی پێداوین رۆتینی وەبەرهێنان کۆتایی پێبێت، چونکە ئێستا رۆتین لە ئاستێکدایە خەریکە وەبەرهێنەران دەخنکێنێت."
 
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنه‌رانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، هەندێک مامەڵەی وەبەرهێنان سێ ساڵی پێدەچێت تاوەکو زەوی بۆ تەرخان دەکرێت، ئەمەش وەبەرهێنەر ناچار  دەکات رووبکاتە ناوچەکانی عێراق، چونکە بە گوتەی ئەو لەوێ رۆتین کەمترە و کارئاسانی زۆریان بۆ دەکرێت.
 
مەلا یاسین مەحموود، هۆکاری زۆری رۆتین و پەکخستنی کارەکانی وەبەرهێنەران بۆ هۆکاری کەسی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "هەندێ کەس بۆ وەرگرتنی بەرتیل لە وەبەرهێنەران رۆتین دروست دەکەن."
 
ئەو گوتانەی سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە، 30-10-2023 بەرگەشت ئاکرەیی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان کۆدەبێتەوە و ئەو کۆبوونەوەیە درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی رابردووە."
 
بە گوتەی ئاکرەیی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کەرتی وەبەرهێنان بەگشتی کراوە و وەبەرهێنەران کۆمەڵێک داواکارییان هەیە و داوای خێرا راییکردنی مامەڵەکانیان دەکەن و داوا دەکەن ئاسانکارییان بۆ بکرێت.
 
رۆژی 17-10-2023 سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەش گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان گوتی: "سەرۆکوەزیران بەڵێنی پێداین کارئاسانیمان بۆ بکرێت." 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە