رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دهۆک رایدەگەیێنێت، بەهۆی هەبوونی پاشماوەیەکی زۆر بەتایبەتی پاشماوەی پزیشکی، مەترسییەکی گەورە لەسەر ژینگە و مرۆڤیش هەیە. هەروەها "پێویستە هاووڵاتییان هاوکاری حکومەت بن تاوەکو ژینگە و کۆمەڵگەیەکی تەندروستمان هەبێت."
رۆژی دووشەممە 30-10-2023، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسی ''چارەسەری پاشماوەی پزیشکی و ئاستەنگەکانی بەردەمی'' گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی، ''وەکو ئیدارەی پاریزگای دهۆک، پاڵپشتیی خۆمان بۆ چارەسەرکردن و دۆزینەوەی هەر رێگەیەک کە تەندروستیی کۆمەڵگە زیاتر بپارێزێت، دەردەبڕین."
ئەگەر بمانەوێت ژینگەیەکی تەندروستمان هەبێت، وەکو پارێزگاری دهۆک گوتی، "دەبێت بەر لە هەر شتێک نەک تەنیا حکومەت، بەڵکو سەرجەم هاووڵاتیان هاوکار بن،" چونکە ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەر مرۆڤێکە بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی کۆمەڵگە خۆی بە بەرپرس بزانێت؛ ''ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی حکومەتیش لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیدا رژدتر بێت.''
یەکێک لە مەترسیدارترین پاشماوەکان بۆ سەر ژینگە و تەندروستیی کۆمەڵگە، پاشماوەی پزیشکی و نەخۆشخانەکانە. مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق ههڵمهتی نیشتمانی بۆ كۆنترۆڵكردن و چارهسهركردنی پاشماوه پزیشكییهكانی دەستپێکرد. لەو چوارچێوەیەدا هەشت ئامێری تایبەتی بۆ لەنێوبردنی پاشماوەی نەخۆشخانەکان بۆ هەرێمی کوردستان نارد کە نرخی هەر یەکەیان 250 هەزار دۆلارە.
زۆرینەی پاشماوەی نەخۆشخانەکان لە خوێن، گۆشت و سرنج پێکدێن. ئامێرەکە پاشماوەکان دەکاتە تەنێکی رەق و مەترسیی بایۆلۆژییەکانی ناهێڵێت و پاشماوەکە وای لێدێت کە ئاسایی بێت لەگەڵ زبڵی ماڵاندا تێکەڵبکرێت و مەترسییەکانی پێشووی نەمێنێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەوە بە کۆمەڵێک رێنوێنی کار بۆ چارهسهری پاشماوەی دهرمانە پزیشكی و مادده كیمیاییهكان دەکات کە بێبەرامبەرە. رێکار و هەنگاوەکانیش بەمجۆرەن:
- خزمەتخواز سەردانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی پارێزگاکان دەکات لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، ئیدارەی گەرمیان، راپەرین)، بە مەبەستی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ چارەسەرکردنی پاشماوەکە.
- ناردنى کێشەکە بۆ هۆبەی ژینگەی شارستانی لە فەرمانگەی ژینگەی پارێزگاکان.
- دوای بهدواداچوون بۆ چارهسهركردنی راپۆرتێک له لایهن لیژنهكهوه ئاماده دهكرێت و ئاراستهی بهڕێوهبهری فهرمانگهی ژینگه دهكرێت له پارێزگا و ئیداره سهربەخۆكان بۆ بڕیاردان لەسەری.
- ژووری بەڕێوەبەرى فەرمانگە، بە مەبەستی بينين و واژۆکردن لەسەر راپۆرت يان فۆرمى بەدواداچوون.
- دەرکردە، بە مەبەستی ناردنەوەى ئەنجام و وەڵام بە نووسراو بۆ لایەنی پەیوەندیدار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ