رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە شاری دهۆک لەگەڵ ژمارەیەک لە دایك و خانەوادەی شەهید، پێشمەرگە و ئافرەتە تێکۆشەرەکانی پارێزگای دهۆک کۆبووەوە و گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی رێز و پێزانینی خۆی بۆ خانەوادەی شەهیدان، جەختی کردەوە: "جگە لە خودا ئێمە بۆ کەس خۆناچەمێنین، تەنها بۆ دایكی شەهیدان و خانەوادەی شەهیدان دە جار خۆمان دەچەمێنین."
سەرۆک بارزانی باسی لە رۆڵی ئافرەتان بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد کرد و رایگەیاند: "رۆڵی ئافرەتان رۆڵێکی کاریگەرە لە شۆڕشەکان، لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تاوەکو ئەمڕۆ ئافرەت باوک بووە، دایك بووە، مامۆستا بووە، جووتیار بووە".
سەرۆک بارزانی هانی ئافرەتانی دا کە خۆشیان خەباتی بێوچان بکەن: "دڵنیابن بە هەموو شێوەیەک لە پشت ئێوە دەبم."
وێنە... کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ دایک و کەسوکاری شەهیدان لە دهۆک، رایگەیاند: "ئێمە تەنیا بۆ کەسوکاری شەهیدان خۆمان دەچەمێنین." pic.twitter.com/usUbUROwXH
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 30, 2025
دەقی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی:
سەرۆك بارزانی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری (دایك و خانەوادەی شەهید و پێشمەرگە و ئافرەتە تێكۆشەرەكانی پارێزگای دهۆك) كۆبووەوە
ڕۆژی پێنجشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2025 لە شاری دهۆك سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری (دایك و خانەوادەی شەهید و پێشمەرگە و ئافرەتە تێكۆشەرەكانی پارێزگای دهۆك کۆبووەوە).
لەو كۆبوونەوەدا سەرۆك بارزانی وتارێكی پێشکەشی ئامادەبوان کرد و وێڕای دەربڕینی ڕێز و پێزانی خۆی بۆ خانەوادەی شەهیدان، ڕایگەیاند،"جگە لە خودا ئێمە بۆ کەس خۆناچەمێنین" تەنها بۆ دایكی شەهیدانی خانەوادەی شەهیدان دە جار خۆمان دەچەمێنین".
هەروەها سەرۆك بارزانی باسی لە ڕۆڵی ئافرەتان بە درێژایی مێژوویی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد کرد و ئاماژەی بەوە دا و ڕایگەیاند:"ڕۆڵی ئافرەتان ڕۆڵێكی کاریگەرە لە شۆڕشەكان، سەرۆك بارزانی گووتی" لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تا ئەمرۆ ئافرەت باوك بووە دایك بووە مامۆستا بووە جوتیار بووە، نموونەی ژمارەیەك ئافرەتی خۆڕاگر و قارەمانیشی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە، ڕایشیگەیاند ئەو خەبات و قوربانیدانەی گەلی کورد و ڕۆڵ و ئازایەتی ئافرەتانی کورد ئەمانەتێكی گەورەیە لەسەر شانی ئێمە بۆیە هەرچی بیڵێم کەمە دەرهەق بە دایكی شەهیدان و کەسوکاری شەهیدان.
لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە چاكسازییەكانی سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە: ئەمرۆ ئێمە لە سەدەی بیست و یەکین، ڕەنگە هێشتا وەك پێویست مافی ئافرەتان دەستبەر نەکرابێت بەڵام ئافرەت خۆشی خەباتی بێوچان بکات و دڵنیابن بە هەموو شێوەیەك لە پشت ئێوە دەبم.
لە بەشێكی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە مەترسی پیلانەکانی ئێستا بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردوو ڕایگەیاند" پیلانی ئێستا و دوژمنایەتی ئێستا لەگەڵ میللەتی ئێمە زۆر مەترسیدارتر و گەورەترە لە هی ڕابردوو، ئێستا بە شێوەیەكی بەرنامە بۆدارێژراو دەیانەوێت خەڵكی ئێمە و گەنجی ئێمە توشی ماددەی هۆشبەر بێت، ئەمە گەورەترین مەترسییە، دەیانەوێت خەڵكی ئێمە توشی بێ ئومێدی بکەن و هیچ سۆز و ئینتما بۆ نیشتمان نەمێنێت بۆیە بە ئامادەبوانی ڕاگەیاند، "ئەرکی گەورە لەسەر شانی ئێوەیە هەر ئافرەتێك منداڵەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا تێبگەیەنێت کە چ پیلانێكی مترسیدار لەسەر ئێمە هەیە"، ئەگەر گەنجی ئێمە باوەڕی بە خۆی نەما ئێمە هیچ دۆزێكمان نامێنێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە بڕینی موچەی خەڵكی کوردستان کرد و ڕایگەیاند" موچەی خەڵکی کوردستانیان قەزیەیەکی سیاسییە و وەك کارتێك بەکاریان هێنا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەناوببەن، ئەمەش بە چاو ساغی خەڵكێكی ناوخۆیی بوو کە ڕێگایان بۆ بەغدا خۆش کرد و ئەمەش لە ئەنفال و کیمیاباران کەمتر نیە.
هەروەها سەرۆك بارزانی جەختی لە پەروەردەکردنی ڕۆڵەکانی ئێستا و داهاتوو کردەوە کە خۆیان بە کەمتر نەبینن لە تاکی هەر کۆمەڵگەیەكی دیکە و دەبێت نەوەکانیشمان بەوشێوەیە پەروەردە بکرێن کە لە ئاستێكی بەرزی وریاییدا بن.
هەر لەو وتارەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە زەروورەتی مێژوویی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد لە سەر وەختێكدا کە کورد توشی نائومێدی ببوو بەڵام بە دامەزراندنی پارتی ئومێد بۆ خەڵكی کوردستان گەڕایەوە و پارتی بەرپرسیاریەتی مەزنی لە ئەستۆیە و لە بەرپرسیاریەتی ڕاناکات و تەحەموولی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ