راکان جبووری: لیستە عەرەبییەکان لە کەرکووک خەریکی خستنی یەکدین

30-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
راکان جبووری، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک، لیستە عەرەبییەکانی ئەو شارە تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵی یەکتر خستن دەدەن و دەستپێشخەرییەکی بۆ دووبارە پێکهێنانەوەی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک راگەیاند.
 
پێنجشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2025، راکان جبووری لە کۆبوونەوەی جەماوەریی لیستەکەیدا لە کەرکووک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
راکان جبووری رەخنەی لەو ئەندامە عەرەبانە گرت کە بەشدار بوون لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک و گوتی: "ئەوان بناخەی ئەنجامدانی ئەو کارە بوون، هەشت مانگ چاوەڕێمان کرد و ماینەوە و کارمان بۆ خستنی لایەنی دیکە نەکرد، ئەوەی کرا ناپاکی بوو".
 
رۆژی 10ـی ئابی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتی خۆجێیی هەڵبژارد. پۆستی پارێزگار درا بە کورد لە پشکی یەکێتی و پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاش درا بە عەرەب.
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک رایگەیاند: "ئەنجوومەنی پارێزگا ماوەی شەش مانگە کۆنەبووەتەوە" کە بە گوتەی ئەو بەهۆی ئەوە بووە کە 'عەرەب نوێنەرایەتیی راستەقینەی لەو ئەنجوومەنە نییە'.
 
راکان جبووری گوتی: "دەستپێشخەرییەک رادەگەیێنین بۆ دووبارە پێکهێنانەوەی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک و داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەکەین کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بکات بۆ پێکهێنانەوەی حکومەتی خۆجێیی."
 
حەوت لیستی عەرەبی لە کەرکووک رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 13 کورسی پشکی پارێزگاکە بۆ پەرلەمانی عێراق.
 
راکان جبووری گوتی: "لیستە عەرەبییەکان کاریان بووەتە یەکتر خستن و سکاڵا لە دژی یەکدی تۆمار دەکەن بۆ خستنی نوێنەرانیان."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە