رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاریدا لەسەر شێوازی گواستنەوەی نەوتی ماڵان نووسراو ئاراستەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکرێت، تاوەکو هاووڵاتییان لەبری وەرگرتنی لە وێستگەکان بۆیان بگوازرێتەوە بەردەم ماڵەکانیان.
ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەی یەکشەممە 30ی تشرینی دووەمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک درا، کە تێیدا بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانیان بانگهێشت کردبوو.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت: "رێکارەکانی ئێستا وایە کە هاووڵاتییانی کەرکووک دەبێت بچن بۆ بەنزینخانەکان بەشە نەوتی خۆیان وەربگرن، ئەمەش کێشەی دروستکردووە، داوامان کرد لەبری ئەوە بۆیان بگوازرێتەوە بۆ بەردەم ماڵەکانیان."
ساڵانە هەر خێزانێک لە کەرکووک بە کۆپۆنی خۆراک بۆی هەیە 300 لیتر نەوت وەربگرێت، بەگوێرەی رێکاری ئێستا دەبێت لە وێستگەی تایبەتی نەوت لە بەنزینخانەکان ئەو بەشە نەوتە وەربگرێت. ئەوەش قەرەباڵخى سەرەى وەرگرتنى نەوتى لەبەردەم وێستگەکان دروست کردووە.
عەبدوڵڵا میروەیس گوتی: "بڕیارمان دا وەک ئەنجوومەن نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکەین بۆ ئەوەی ئەو نەوتە لە رێگەی بریکارەوە بەسەر هاووڵاتییان دابەش بکرێت و ببرێتە بەردەم ماڵەکانیان، لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارە بۆ گواستنەوە."
بەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمە نەوتییەکان هەر لیترێک نەوتی ماڵان بە 130 دینار دەداتە وێستگەکان و ئەوانیش بە 150 دینار بە هاووڵاتییانی دەفرۆشنەوە، کە بۆ هەر بەرمیلێک چوار هەزار دینار دەخەنە سەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ