وەزیری کارەبا بۆ رووداو: تاوەکو ئەمشەو دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

30-11-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، 75%ی توانای بەرهەمهێنانی گاز بۆ کێڵگەی کۆرمۆر گەڕاوەتەوە. پێشبینییش دەکات، تاوەکو ئەمشەو دۆخی کارەبای هەرێمی کوردستان ئاسایی ببێتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-11-2025 کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا لە کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان، لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر قسەی بۆ مستەفا گۆران، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''یەکێک لە ئامانجەکانی کردەوە تیرۆریستییەکە ئەوە بوو کە تاریکی بەسەر کوردستاندا بهێنن، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئامانجەکەیان نەهاتە دی.''
 
بە گوتەی کەمال محەممەد، دووەم ئامانجی هێرشکاران ئەوە بووە گرفت بۆ گازی ماڵان دروست بکەن، ''بەڵام هەر زوو لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی قسە کرا و دوێنێ بڕێک گاز گەیشتە هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەو ئامانجەشیان نەهاتە دی.''
 
وەزیری کارەبا سوپاسی هەڵوێستی حکومەتی عێراق دەکات و دەڵێت، ''وەزارەتی کارەبای فیدراڵیش نزیکەی 50 بۆ 60 مێگاوات کارەبا هاوکاریی کردین. هەرچەندە کەم بوو، بەڵام لە بواری مەعنەوییەوە [هاوکارییەکە] گرنگ بوو.''
 
 
وەک کەمال محەممەد دەڵێت، ئێستا 75%ی توانای بەرهەمهێنانی گازی کێڵگەی کۆرمۆر گەڕاوەتەوە و پێشبینی دەکات، ''تاوەکو ئەمشەو دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و پڕۆژەی رووناکی و کارەبای 24 کاژێری وەک خۆی بگەڕێتەوە، بەشەکانی دیکەش لە ناحیە و قەزاکان کە نەخراونەتە نێو پڕۆژەی رووناکییەوە، پشکی خۆیان لە کارەبا وەردەگرن.''
 
لەدوای هێرشەکە لیژنەیەکی ئەمنیی هاوبەشی هەولێر و بەغدا بە سەرپەرشتیی هەردوو وەزیرانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق سەردانی کێڵگە گازییەکەیان کرد. وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوە کرد، ''هیوادارم لیژنە ئەمنییەکە کارەکانی خۆی بە جیدی جێبەجێ بکات و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە لە یاسا دەرچوون و بە سزای خۆیان بگەن.''
 
کەمال محەممەد جەختی لەوەش کردەوە، کێڵگەی گازی کۆرمۆر، ''نەوەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو عێراق سوودی هەیە. بۆیە پاراستنی، بەرپرسیارێتیی هەموومانە و پێویستە سیستمی دژی درۆن بۆ کێڵگەکە دابین بکرێت.''
 
شەوی چوارشەممە 26ی مانگی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، بەهۆیەوە کارەبای نیشتمانی 80% کەمیکرد.
 
لەدوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، پێدانی کاژێرەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی پێنج کاژێر کەم بووەوە.
 
ئەو کێڵگەیەی هێرشی کراوەتەسەر، ناوەندی سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانە، هاوکات سەرچاوەی دابینکردنی گازی شل(LPG)ـە بۆ ماڵان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.