رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی "هەژماری من" رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 9 دەکرێت و پرۆسەکە سێ رۆژ دەخایەنێت، هاوکات ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی بە شێوازی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن، 600 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی لەلایەن پڕۆژەی 'هەژماری من'ەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو دراوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2025، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆران لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، تاوەکو 2ی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت.
دابەشبوونی جوگرافی و ژمارەی سوودمەندان
بەپێی ئامارەکان، کۆی گشتیی ئەو مووچەخۆرانەی لەم مانگەدا لە رێگەی 'هەژماری من'ەوە مووچە وەردەگرن، گەیشتووەتە 602 هەزار مووچەخۆر.
دابەشبوونی جوگرافیی سوودمەندان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
هەولێر: 312,051 مووچەخۆر
دهۆک: 160,266 مووچەخۆر
سلێمانی: 129,864 مووچەخۆر
لە کۆی گشتیی ئەو مووچەخۆرانەی خراونەتە سەر سیستمەکە، زۆرینەیان فەرمانبەری مەدەنین، کە ژمارەیان 317 هەزار فەرمانبەرە، دوای ئەوانیش هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش دێن بە 196 هەزار، هەروەها 78 هەزار خانەنشین و 10 هەزار لە کەسوکاری شەهیدان لە رێگەی ئەم سیستمەوە مووچە وەردەگرن.
بەپێی داتاکانی پڕۆژەی 'هەژماری من،' پرۆژەکە گەشەسەندنێکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە. لە مانگی حوزەیرانەوە تاوەکو مانگی ئەیلوول ژمارەی سوودمەندان بەم شێوەیە زیادی کردووە:
حوزەیران: 465,600
تەمموز: 501,500
ئاب: 546,760
ئەیلوول: 602,000
پرۆژەی 'هەژماری من' دەڵێت، تاوەکو ئێستا 900 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار کراون و 635 هەزار کارتی بانکی دابەشکراون. هەروەها ژمارەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) گەیشتووەتە 503 ئامێر لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاواز.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ