هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دواخرا

30-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیاربوو ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆببێتەوە و خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە هەڵبژێرێت، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا؛ بەرپرسێکی بزووتنەوەکە دەڵێت، گفتوگۆی یاساییان لەگەڵ کۆمیسیۆن هەیە، بۆیە هەڵبژاردنەکەیان دواخستووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پێدەچێت پێش هەڵبژاردنی رێکخەر و خانەی راپەڕاندن، گۆڕان کۆنفرانس ببەستێت.
 
12-12-2023 بزووتنەوەی گۆڕان دەرگای خۆبەربژێرکردنی بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە کردەوە، کە بڕیاربوو شەش رۆژ بەردەوام بێت، بەڵام دوای دوو جار درێژکردنەوە بڕیاربوو ئەمڕۆ 30-12-2023، جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەکە کۆببێتەوە و خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی هەڵبژێردرێت، بەڵام ئەمڕۆش هەڵبژاردنەکە نەکرا.
 
بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جڤاتی نیشتمانی کۆنەبووەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی، چونکە لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن کەمێک کێشەی یاساییمان هەیە".
 
بۆ پەسەندکردنی کۆنگرەی حیزبەکان، دەبێت فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەدا ئامادەبن؛ بەرپرسەکەی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی، "مۆدێلی بزووتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەکە کە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن (لە حیزبەکانی دیکەدا ئەندامی سەرکردایەتین) و رێکخەری گشتی لە کۆنفرانسدا هەڵنابژێردرێن و جڤات هەڵیاندەبژێرێت، ئەمەش بۆ کۆمیسیۆن نامۆیە؛ بۆ چارەسەرکردن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمیسیۆن لە گفتوگۆداین و دۆسیەکە بە کراوەیی ماوەتەوە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ چارەسەرکردنی کێشە یاساییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمیسیۆن، ئەگەر هەیە بزووتنەوەی گۆڕان پێش هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی، بزووتنەوەکە کۆنفراسێک بە ئامادەبوونی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ببەستێت، بەڵام ئەمەش یەکلانەکراوەتەوە.
 
تاوەکو 28ـی ئەم مانگە هۆشیار عەلی، رێكخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزووتنەوەکە و نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان خۆیان بۆ پۆستی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەربژێر کردبوو.
 
ئەندامانی خانەی راپەڕاندن پێکدێن لە رێکخەری گشتی، سکرتێری کاروباری جڤاتی نیشتمانی، سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان، سکرتێری کاروباری ژوورەکان، سکرتێری کاروباری باژێڕەکان، سکرتێری کاروباری خەڵک، سەرۆکی جڤاتی نیشتمانی، رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، کە دوو ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن، بۆشیان هەیە بۆ سێ خولی هەڵبژاردن خۆیان هەڵبژێرن.
 
دوای ئەوەی لە دوای دروستبوونی بزووتنەوەکەوە بۆ یەکەم جار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە لە 10-10-2021 لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو هیچ کورسییەکیان بەدەستنەهێنا، 13-10-2021 رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."