رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک کاژێر 9:00ی بەیانی ئەمڕۆ لە سلێمانی ئاگر لە شوقەیەکی نێو پڕۆژەی شاری نەورۆز کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی پاش دوو کاژێر کۆنترۆڵیان کرد.
نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی لە شوێنی رووداوەکەیە و دەڵێت، دوای هاتنەدەرەوەیان، خاوەن ماڵەکە پێی گوتووە، هۆکاری ئاگرەکە ئامێری گەرمکەرەوە (سپلیت) بووە لەنێو ژووری منداڵەکەیاندا.
ئەو شوقەیەی گڕی گرتووە لە نهۆمی کۆتایی باڵەخانەکەدایە و رووداوەکەش زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.
ئەو منداڵەی سپلیتی ژوورەکەی گڕیگرتووە بە رووداوی گوت، "خەوتبووم، بەهۆی دووکەڵەکەوە خەبەرم بووەوە".
دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "لە کاژێر 08:55ی بەیانی تیمەکانمان ئاگادارکراونەتەوە، دەستبەجێ ئاگرەکەمان کوژاندەوە، بەڵام دووکەڵ هەبوو کە دەبوو دەربچێت".
باسی لەوەشکرد، "بەگوتەی خاوەن ماڵەکە هۆکارەکە گڕگرتنی سپلیتێک بووە، بەڵام خۆشمان لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکەین".
لە رووداوێکی هاوشێوەدا، رۆژی چوارشەممە، 27-12-2023، ئاگر لە شوقەکانی ئیسکان لە هەولێر کەوتەوە. موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لەبارەی ئاگرکەوتنەوە لە شوقەیەکی ئیسکان تاوەر رایگەیاند، "لە رووداوەکەدا هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، تەنیا زیانی مادی هەبووە لەو شوقەیەی ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ