رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر دەڵێت، تیمەکانیان 24 کاژێر لە ئەرکدان بۆ راماڵینی بەفر لەسەر رێگەکان و رێگری لە پەککەوتنی هاتووچۆ. ئاماژە بەوەش دەکات قەرەباڵخی و پابەندنەبوونی شۆفێرانی بارهەڵگر، ئاستەنگی گەورەی بۆ دروست کردوون.
ئەندازیار عیماد محەممەد میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، رایگەیاند: "12 تیمی شارەزا کە هەر تیمێک لە 5 بۆ 6 کارمەند و ئەندازیار پێکهاتوون، لە ئەرکدان. لە 24 کاژێری رابردوودا بەردەوام کارمان کردووە بۆ ئەوەی رێگەوبانەکان گرفتیان بۆ دروست نەبێت و دڵنیابینەوە لەوەی هیچ هاووڵاتییەک لەناو بەفردا گیرناخوات و ژیانی کەس نەکەوێتە مەترسییەوە."
"قەرەباڵخی و ترێلەکان کارەکانمان هێواش دەکەن"
سەبارەت بەو ئاستەنگانەی دێنە پێش تیمەکانی پاراستنی رێگەوبان، عیماد محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، هاتووچۆی زۆری هاووڵاتییان بۆ ناوچە بەفراوییەکان بە مەبەستی گەشتوگوزار، بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵخی و رێگریکردن لە کارەکانی ئەوان. گوتیشی: "زۆربەی گرفتەکان لەو بارهەڵگرانەوە سەرچاوە دەگرن کە مەرجەکانی سەلامەتییان نییە و زنجیریان نەبەستووە، ئەمەش دەبێتە هۆی پەککەوتنی رێگەکان."
"کاریگەریی خوێڕێژی کاتییە"
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر باسی لەوە کرد، ئامێرەکانی بەفرڕاماڵ و گلێدەر بەردەوام لەسەر رێگەکانن، بەڵام جەختی لەوە کردەوە "خوێ رشتن تەنیا بۆ ماوەی 2 بۆ 3 کاژێر رێگاکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، دواتر بەهۆی سەرماکەوە، دووبارە رێگەکان شەختە دروست دەبێت."
"ئەم ساڵ بودجەی پار خەرج دەکرێت"
لەبارەی زیانەکانی بارانبارینی رۆژانی رابردوو، عیماد محەممەد دڵنیایی دایە خەڵک تاوەکو ئێستا هیچ رێگەیەک یان پردێک لە سنووری پارێزگای هەولێر و گوندەکانی دەوروبەری دانەخراوە و هەموویان سەلامەتن.
لە لایەکی دیکەوە، ئاماژەی بە گرفتی بودجەی فریاکەوتن کرد و گوتی: "وەک ناوچەکانی دیکە، گرفتی بودجەمان هەیە، تەنانەت بودجەی ساڵی رابردوو نزیکەی 15 رۆژە رەزامەندی گەڕاوەتەوە، بەڵام هێشتا خەرج نەکراوە، بۆیە زۆرجار کارەکانمان بە قەرز یان بە هەوڵی ناوخۆیی جێبەجێ دەکەین."
هۆشدارییەک بۆ هاونیشتمانیان
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر لەڕێگەی رووداوەوە داوا لە شۆفێران و هاونیشتمانیان دەکات، "ئەگەر کارێکی زۆر پێویستتان نییە، گەشت نەکەن، هەروەها تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانەی (دەبڵ ئەکسلن) و زنجیریان بەستووە بچنە ناوچانەی کە هەوراز و نشێوون، بەتایبەت، دەربەندی گۆمەسپان، سماقوڵی، سنووری بالیسان و شەقڵاوە."
داوای لە هاونیشتمانیان کرد، پێش ئاوابوونی خۆر و کاتی عەسر بگەڕێنەوە، چونکە شەو، پلەی گەرما دادەبەزێت و رێگەکان دەیبەستن، ئەمەش مەترسیی خلیسکانی ئۆتۆمبێل زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ