رووداو دیجیتاڵ
پارێزگارى کەرکووک بە وەکالەت، یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێى پارێزگاى دواخست، بە پاساوى ئەوەى لایەنە براوەکان داواى دواخستنیان کردووە؛ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. ئەندامێکى یەکێتى لەو ئەنجوومەنە دەڵێت، "ئێمە داواى داخستنمان نەکردووە." بە گوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار لە کەرکووک دواخستنەکە لەسەر داواى کوتلەى عەرەبی بووە.
بە گوێرەى نووسراوێکى راکان جبوورى، پارێزگارى کەرکووک بە وەکالەت، کە ئەمڕۆ 31ى کانوونى دووەم دەریکردووە، بڕیاریداوە یەکەم کۆوبونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى شارەکە دوابخرێت بۆ 5ى شووبات.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، دواخستنى ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر داواى لیستە براوەکان بووە بۆ ئەوەى دەرفەت برەخسێت بۆ لێکتێگەیشتى نێوانیان.
دواخستنى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا لە دواى ئەوەهات، پێشتر راکان جبوورى، یەکى کانوونى دووەمى دیاریکردبوو بۆ یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە.
رۆژی 31ـی کانوونى دووەمى 2024، ئەحمەد کەرکووکى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى کەرکووک هێز و ئیرادەمانە (یەکێتى) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کۆبوونەوەکە لەسەر داواى فراکسیۆنەکەى دوانەخراوە و داوایەکى لەو جۆرەیان نەکردووە و داواکە لەلایەن لایەنى دیکەوە کراوە.
ئەحمەد کەرکووکى گوتى، "ئێمە وەک ئەندامانى یەکێتى ئەمڕۆ چوارشەممە، سەردانى باڵەخانەى ئەنجوومەنى پارێزگامان کرد بۆ ئامادەکاریى بۆ کۆبوونەوەى سبەى پێنجشەممە و دیاریکردنى کارەکانى."
کۆبوونەوەى یەکەمى ئەنجوومەنى پارێزگا بۆ دیاریکردنى سەرۆکى ئەنجوومەن و جێگرەکەى دەبێت، لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامەوە سەرۆکایەتی دەکرێت کە پەروین فاتیح، ئەندامى فراکسیۆنى یەکێتییە.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دانوستاندنى نێوان فراکسیۆنەکانى کەرکووک بۆ پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی شارەکە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "دواخستنى ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر داواى کوتلەى عەرەبى بووە بۆ رێککەوتن لەسەر پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەن و جێگرەکەى."
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، یەکێتى پێنج کورسی بەدەستهێنا و براوەى یەکەم بوو، هاوپەیمانیى عەرەبی سێ کورسی بەدەستهێناوە، هەریەک لە پارتى، بەرەى تورکمانى، هاوپەیمانى قیادە یەکى دوو کورسی-یان بەدەستهێنا، هاوپەیمانیى عرووبە یەک کورسی و بابلیون کورسیى کۆتایی ئەنجوومەنەکەى بردەوە.
بە گوێرەى یاساى پارێزگا نارێکخراوەکان لە چوارچێوەى هەرێمێکدا، 5ـی شووبات دوا وادەیە بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەسەر داواى پارێزگار، کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە پێویستى بە ئامادەبوونی زۆرینەیە، کە نۆ ئەندامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ