رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی نەخۆشانی تالاسیما پێویستیان بە دەرزیی دیسڤراڵە. سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای تالاسیما لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەرزییەکە بەغدا دەینارد، بەڵام ئێستا نەیانماوە و بۆشیان نانێردرێت، لەکاتێکدا نەخۆش مانگانە پێویستی بە 10 پاکەت لەو دەرزییە هەیە، کە تێچووەکەی "هەزار دۆلارە."
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی چوار هەزار نەخۆشی تالاسیما هەن. رۆژی 23-11-2024 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا 100 منداڵیان بۆ چاندنی مۆخ بنێرێتە دەرەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیبراهیم ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای تالاسیما لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێکارە کارگێڕییەکانی نەخۆشەکان تەواو کراون، بەڵام جارێ نەنێردراون و وەزارەتی تەندروستی گرێبەستی نەکردووە کە بڕیارە گرێبەست لەگەڵ ئوردن یان تورکیا بکرێت و رەوانەی ئەوێ بکرێن."
ئەو نەخۆشخانەی بڕیارە بنێردرێنە دەرەوە 36 نەخۆش لە پارێزگای هەولێر، 32 لە پارێزگای سلێمانی و 32 لە پارێزگای دهۆکن.
لە چوار هەزار نەخۆشی تالاسیما لە هەرێمی کوردستان نیوەیان پێویستیان بە دەرزیی دیسڤراڵە و نیوەکەی دیکەش حەبی ئێکسجێد کە هەردووکیان کاردەکەن بۆ دابەزینی ئاسن لە لەشی نەخۆشەکاندا. ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت، "دەرزییەکە لە بەغداوە دەنێردرا. ئێستا نەمانماوە و بەغداش ناینێرێت، لەکاتێکدا زۆر پێویستە و تێچووەکەی زۆرە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای تالاسیما دەڵێت، جۆری حەبەکە دروستکراوی عێراق بەردەستە، بەڵام هەموو نەخۆشێک ناتوانێت سوودی لێ وەربگرێت؛ گوتیشی، "دەرزییەکە لە مارکەی تورکی پاکەتی بە 100 دۆلارە لە بازاڕدا. نەخۆشی تالاسیما مانگانە لانیکەم 10 پاکەتی پێویستە، لەکاتێکدا ئەگەر ئۆرجیناڵەکە بکڕدرێت یەک پاکەتی 300 دۆلارە".
تالاسیما نەخۆشییەكی بۆماوەیی خوێنە و تێیدا كەسی نەخۆش تووشی تێكشكان و شیبوونەوەی خڕۆكە سوورەكانی خوێنی دەبێت، ئەوەش لەلایەك تووشی كەمخوێنی دەكات و دەبێت بەشێوەیەكی بەردەوام خوێنی تێبكرێت، لەلایەكی دیكەش بڕێكی زۆری مادەی ئاسن لە شانەكان لەشیدا (دڵ و گورچیلە و كوێرە رژێنەكان) كۆدەكاتەوە و پەكیاندەخات، واتە گواستنەوەی خوێن لە نەخۆشییەكە رزگاری ناكات، بەڵكو چارەسەر بەوە دەبێت لە سەرەتای تەمەنەوە چاندنی مۆخ بۆ كەسەكە بكرێت.
بە گوێرەی ئەنجوومەنی باڵای تالاسیما، زۆرترین نەخۆشیان لە سنووری پارێزگای هەولێرە، پاشان دهۆک و دواتر سلێمانی و هەڵەبجە.
19ـی نیسانی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرامبەر دۆخی تەندروستیی تووشبووانی تالاسیما و رەچاوکردنی دۆخی دارایی خێزانەکانیان، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی سەرجەم پشکنین و وەرگرتنی چارەسەرییە پزیشکییەکانی تووشبووانی تالاسیما لە تەواوی نەخۆشخانە حکومییەکان، سەنتەرەکانی دڵ و تیشک لە هەرێمی کوردستان بێ بەرامبەر ئەنجام دەدرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ