رووداو دیجیتاڵ
مۆزەخانەی بەریتانیا لە لەندەن یەکێکە لە مۆزەخانە گەورە و بەناوبانگەکانی جیهان، ساڵانە ملیۆنان کەس سەردانی دەکەن، لە مۆزەخانەکەدا مێژوو و شارستانییەتی کوردی زۆر تێدایە.
شێرکۆ عادل دەباخ، مێژوونووسێکی کوردە و چەندین ساڵە خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەو کەلوپەلانەی لە مۆزەخانەکەدان کە تایبەتن بە کورد و کوردستان، تیمی دیاسپۆرا لەگەڵ شێرکۆ دەباخ سەردانی مۆزەخانەکەیان لە لەندەن کردووە.
شێرکۆ دەباخ خاوەنی چوار کتێبە لەبارەی شارستانییەت و مێژووی کورد، ماوەیەکی زۆرە لێکۆڵینەوە لە مێژووی کۆنی کوردستان دەکات و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەر مرۆڤایەتی شارستانییەتێکی دروستکردبێت، قەرزاری کوردستانە. شێرکۆ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بۆ رووداو ئاشکراکرد و گوتی، "بەپێی لێکۆڵینەوەکان هیچ نەتەوەیەک بەقەد کورد کۆنتر نییە لەسەر زەوی، واتە کورد خاوەنی یەکەم شارستانییەتی مرۆڤایەتییە، لە کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و گوندنشینی و حکومداری."
شێرکۆ دەباخ دەڵێت، "زانکۆ گەورەکانی جیهان تەنیا 2٪ی شارستانییەتی کوردیان هەڵداوەتەوە، ئینجا ئەو هەموو شارستانییەتیەمان هەیە، ئەگەر هەمووی هەڵبدرێتەوە مرۆڤایەتی خۆی بە قەرزاری کورد دەزانێت."
سەبارەت بە کەلوپەل و شوێنەرەکانی کورد لە مۆزەخانەی بەریتانیا، شێرکۆ دەباخ گوتی، "زۆربەی کەلوپەلەکانی مۆزەخانەی بەریتانیا موڵکی شارستانییەتی کوردن، هێندە زۆرن باشتروایە ناوی مۆزەخانەی بەریتانیا بگۆڕدرێ بۆ مۆزەخانەی کوردستان، چونکە هەموو داهێنانەکانی جیهان لە کوردستانەوە سەریانهەڵداوە، سەردانیکەرانی مۆزەخانەکەش حەزدەکەن داهێنانەکانی کورد ببینن."
شێرکۆ عادل کە ماوەی 20 ساڵە لە بەریتانیا دەژی و هۆکاری ونبوونی ناوی کورد و کوردستان لە مۆزەخانەکەی بەریتانیا دەگەڕێنێتەوە بۆ پەیماننامەی سایکس پیکۆ و دەڵێت، "سایکس پێکۆ بۆ سڕینەوەی گەلی کورد بوو، ونکردنی شارستانییەتی کورد بەهۆی سیاسەتی سایکس پیکۆوە بوو، شارستانییەتی کورد بەو وڵاتانەوە بەستراوە کە کوردستانیان داگیرکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ