یەکێتی لە یادی 50 ساڵەی دامەزراندنیدا: سەروەریمان زۆر و ئەرکمان زۆرترە

31-05-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 50 ساڵەی دامەزراندنیدا کە بە "یۆبیلی زێڕین" ناوی دەبات، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "سەروەریمان زۆرە و ئەرکمان زۆرتر."
 
لە بەشێکی پەیامەکەی یەکێتیدا هاتووە، ئەمڕؤ "لە هەلومەرجێکی نوێباودا یادی یۆبیلی زێڕین دەکەینەوە، کوردستان و یەکێتییەکەی، عێراق و ئەزموونەکەی ئەرک و فرمانی تازەیان لەسەر شانە و پێویستە لەگەڵ خۆشی و شانازیی یادەکەدا هەموومان بۆ ئەرکەکانی نوێی خەباتی سیاسی ئامادە بین."
 
هەروەها دەشڵێت، دەبێت "خۆمان مشتوماڵ بکەینەوە و لە سایەی یەکێتییەکی پتەوتر، یەکڕیزتر و تۆکمەتردا وەڵامی ئەرکەکانی قۆناخ بدەینەوە، هەڤاڵانی دێرین و ئێستامانی بۆ ساز بدەین و گەلەکەمانی بۆ جۆش بدەین، کچان و کوڕانی نەوەکانی تازەی کوردەواری بهێنینە پای ئەم خەباتە ستراتیژییە، کە هێشتا زۆری ماوە بگاتە دوا مەنزڵی (ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین)."
 
دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ یادی 50 ساڵەی دامەزراندنی:
 
پەیامی مەکتەبی سیاسیی 
بۆ یادی یۆبیلی زێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەروەریمان زۆرە و ئەرکمان زۆرتر
 
کەسوکاری سەرفرازی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەکان و هەڤاڵانی یەکێتیی
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان 
 
یادی پەنجا ساڵەی دەستپێکی خەباتی یەکێتییەکەتان، لە هەمووتان و لە هەموومان پیرۆز بێت. 
 
پەنجا ساڵ پێشتر ، ساڵی ١٩٧٥، حزبی شەهیدان، بە دەستپێشخەری سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵەکانی لە دەستەی دامەزرێنەر جاڕی تێکۆشانێکی  درێژخایانیان بۆ رزگاری و بۆ مافەکانی گەلی کوردستان  دا، کەمتر لە ساڵێکیش  دوای ئەوە ، لە ١-٦-١٩٧٦دا بڵێسەی شۆرشی نوێ هەموو شاخ و دەشت و دۆڵی وڵاتەکەمانی گرتەوە. 
 
لەم کاروانە زێڕینەدا هەزاران شەهیدی سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگ ، سەدان نەبەردی پێشمەرگانە و موقاوەمەی زیندان و سێدارە و چالاکی رێکخستن و خۆپیشاندان و مانگرتن، تێکڕایان  بوونە ناونیشان و رەمزی قۆناغێکی نوێی بەرخۆدانی  کوردایەتی و دیموکراتی بە ناوەرۆکێکی پێشکەوتنخوازی کۆمەڵایەتییەوە. وێستگەکانی تێکۆشانی  یەکێتیی کە هیوا و ئاواتی میللەتەکەمانی زیندووکردەوە ، لەهەموو ئاست و بوارەکانی سیاسەتدا نوێ و دەگمەن  و بێ وێنەبوو، تێکۆشانی ژنان و پیاوان، کچان و کوڕانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان  وا کۆمەڵانی خەڵکی جۆشدایەوە  کە کوردستان بە کردەوە بووە گۆڕەپانی جوڵانەوەیەکی هەمەلایەنەی سیاسیی، پێشمەرگایەتی ، روناکبیری ، ئیعلامی و جەماوەریش . لە ماوەیەکی  کورتدا، سەرەڕای ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ، وێڕای خۆخۆری و سەرکوت و ستەمی رژێمی بەعسی داگیرکەر ، توانی ویستی میللەتەکەمان بۆ ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە راپەڕینی سەرتاسەریدا سەربخا و بۆ یەکەمین جار لە ژیانی تێکۆشەراندا ئاواتەکانی رزگاری و دیموکراسیی و حوکمڕانی خۆبەخۆ و خۆمانی بە دیبێت .سەرەنجام لە سایەی قوربانی و رەنج و هیلاکی یەکێتییەکەتاندا  ئەزموونی دیموکراسیی لە هەرێمی کوردستان بەسەر هەموو تەنگژە و دژوارییەکاندا زاڵبوو  و کاروانی سەرکەوتووی  خۆی گەیاندە قۆناغی  روخانی رژێمی دیکتاتۆری و ئاواکردنی عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسیی و ئاوەدانکرنەوەی وڵات بە ئازادی کەرکوک و خانەقین و تێکڕای ناوچە دابڕاوەکانیشەوە کە نەخشەرێگای دەستووری لە ماددەی ١٤٠دا بۆ دانراوە دوای دەیان ساڵ لە داڕزان و داکەوتن، تەعریب  و تەبعیس و ئینجا تیرۆر و تەرهیبیش  کە بەسەر میللەتەکەماندا  هێنرا.
 
هەر لە قۆناغی پرۆسەی دیموکراسی و دەستوریشدا سەرۆک مام جەلال، دامەزرێنەر و سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانیی  کوردستان ، رابەر و پێشمەرگەی دیموکراتخواز بووە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی جێی متمانەی گەل و سەمام ئەمانی عێراقی فرە نەتەوە و فرە مەزهەب و فرە کێشە و لە ئەزموونی سەرۆکایەتی خۆیدا نموونەی جاویدان  و مەزنی لەسەر لێوەشاوەیی تێکۆشەری یەکێتیی و لەخۆبوردوویی  حزبی شەهیدان  پێشکەشی کوردستان و گەلانی عیراقیش کرد کە بۆ هەتا هەتایە شانازییە بۆ میللەتەکەمان لە ئاستی دونیادا.
 
هەڤاڵان و کۆمەڵانی خەڵکی جوامێر و بەوەفای کوردەواری کە هێزی لە بن نەهاتووی یەکێتیی و کوردایەتیین، لەم رێڕەوە پەنجا ساڵییەدا   یەکێتیی هەمیشە ئاوێتەی رەنج و قوربانی،  ئازار و هیواکانی جەماوەر   بووە. لێی دوور نەکەوتۆتەوە و لێی جیانەبۆتەوە، هەر  لەبەر ئەوەش یاد و یادگارەکانی ، شەهید و قوربانییەکانی دەیان ساڵەی  بۆنە و سەروەری نەتەوەیی و نیشتمانین و کۆمەڵانی خەڵکی خۆیان لەگەڵ یەکێتی خاوەندارێتی لێ دەکەن و پێی شاد و سەربەرزن.
 
جا ئەمرۆش کە لەهەلومەرجێکی نوێباودا یادی یۆبێلی زێڕین دەکەینەوە، کوردستان و یەکێتییەکەی ، عێراق و ئەزموونەکەی ئەرک و فرمانی تازەیان لەسەر شانە و پێویستە لەگەڵ خۆشی و شانازی یادەکەدا هەموومان  بۆ ئەرکەکانی نوێی خەباتی سیاسیی ئامادە بین ، خۆمان مشتوماڵ بکەینەوە و لەسایەی یەکێتییەکی پتەوتر ، یەکریزتر و تۆکمەتردا وەڵامی ئەرکەکانی قۆناغ بدەینەوە ، هەڤاڵانی دێرین و ئێستامانی بۆ ساز بدەین و گەلەکەمانی بۆ جۆشبدەین، کچان و کوڕانی نەوەکانی تازەی کوردەواری بهێنینە پای ئەم خەباتە ستراتیژییە کە  هێشتا زۆری ماوە بگاتە دوا مەنزڵی ( ئاشتی،  دیموکراسی ، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین).
 
سڵاو و درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کاروانی پەنجا ساڵە و تێکرای شەهیدانی کوردستان و عێراق.
 
سڵاو لە خەباتگێڕانی دێرینی هەموو قۆناغ و سەردەمەکان کە یەکێتییان کردە ئەم تەلارە بەرز و بڵندەی سەرتاسەری کوردستان.
 
بەڵێنی ئەمڕۆی یەکێتیش بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ بافل جەلال تاڵەبانی هەر ئەوەیە کە ئەمانەتی حزبی شەهیدان دەپارێزین و ئاڵای سەوزەکەی بە شەکاوەیی دەمێنێتەوە.
 
پێکەوە ئەم ئەرکە بەدیدێنین و پێکەوەش دەیکەینە خەڵاتی شایستە بۆ کورد و کوردستان.
 
لە یادی یۆبیلی زێریندا وەک مامی گەورەمان دەیوت ( ئێوەش هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن)
 
مەکتەبی سیاسیی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.