شاخەوان عەبدوڵڵا: لە دوو رۆژی داهاتوودا بەغدا پارەی مووچە دەنێرێت

31-07-2023
شیراز رەئوف
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات.
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی پشووی عاشووراوە دواکەوتووە و سبەی یان دوو سبەی حکومەتی عێراق پارە دەخاتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات رایگەیاند: رۆژی پێنجشەممە، 27/7/2023 پرسیاریان لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران پێیگوتون کە هیج گرفتێکی ئەوتۆی نییە.
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی پشووی عاشووراوە دواکەوتووە و دەڵێت سبەی سێشەممە یان دوو سبەی چوارشەممە 2/8/2023 حکومەتی عێراق پارە دەخاتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
پابەندییەکانی حکومەت
 
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێکردووە و هیچ خاڵێک نییە کە لەلایەن هەولێرەوە جێبەجێ نەکرابێت، تا بکرێتە ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکاندا.
 
د. شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "بە سرووشتی خۆمان و ئەزموونی رابردوومان، بەرپرسانی سیاسیی عێراق زوو لە بەڵێنەکانیان بەرامبەر هەرێمی کوردستان پاشگەز دەبنەوە و عەقڵییەتێکی شۆڤینی لای هەندێ کەس و لایەنی بەغدا ماوە و پێیانوایە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ماف و شایستەکانی خۆی وەرگرتووە، ئەم عەقڵیەتە لە رابردوودا بەردەوام زیانی لە پەیوەندی رێککەوتنەکان داوە.
 
"واژۆی شەرەف"
 
د. شاخەوان عەبدوڵڵا لەبارەی ناکۆکیی نێوماڵی کوردەوە لە بەغدا ئاماژە بەوە دەکات، نێوماڵی کورد لە بەغدا پەرتەوازەیە و لایەنە سیاسییەکان کێشە و ناکۆکییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەهێننە بەغدا، ئەمەش بە زیانی کورد شکاوەتەوە و دەڵێت: "لە سەروبەندی بودجەدا کورد لەبری ئەوەی دانوستاندن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا بکات، لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان دەبوو لەناوخۆیدا خەریکی دانوستاندن بێت، ئەوەش گرفتی گەورەیە."
 
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە لایەنە کوردستانییەکان دەکات ناکۆکییەکانیان نەگوازنەوە بۆ بەغدا و دەڵێت: "پێویستە کاغەزێکی شەرەف لەنێوان خۆیاندا واژۆبکەن و کۆتایی بە نەریتی هێنانی کێشەکان بۆ بەغدا بهێنن، چونکە کورد لە بەغدا خۆی نەیاری زۆرە و ناکرێت کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش بگوازرێتەوە بۆ بەغدا."
 
هەڵبژاردنی "چارەنووسساز"
 
بڕیارە لە 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت، کە یەکەمجارە لە دوای 2005 ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک بکرێت.
 
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە هاوکات یاریدەدەری بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ کەرکووک و بەغدا و ناوچە کوردستانییەکان گوتی: "هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بۆ کورد گرینگترە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و زۆر چارەنوسسازە."
 
سەبارەت بە پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ ئەو هەڵبژاردنە، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "تەنیا چەند رۆژێک کات ماوە بۆ بەستنی هاوپەیمانێتییەکانی هەڵبژاردن و پێویستە هەرچی زووترە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە و رێکبکەون لەبارەی ئەوەی چ شێوازێک لە بەرژەوەندی کوردە و دەنگەکانی نافەوتێت، ئەگەر بە یەک هاوپەیمانی یان دوو هاوپەیمانی بەشداری پرۆسەکە بکەن پێویستە لایەنە باش و خراپەکانی بۆ نوێنەرانی کورد روون بکەنەوە و بەرنامەی دوای هەڵبژاردنیش بۆ هاوپەیمانێتییەکە دەستنیشان بکرێت کە لە پێشهاتەکاندا چۆن مامەڵە دەکات و پێویستە لایەنی نەتەوەیی بکرێتە بنەمای رێککەوتن و هاوپەیمانێتییەکان."
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە