مەسرور بارزانی: خەڵکی کوردستان هەرگیز دەستبەرداری ناسنامە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی نابێت

31-07-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یادی 40 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هێشتا کەسانێک هەن بە هەمان عەقلییەت و هزری شۆڤێنی و سەردەمی ئەنفالەوە، دەیانەوێت مافە رەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان پێشێل و زەوت بکەن." دەشڵێت، خەڵکی کوردستان هەرگیز دەستبەرداری ناسنامە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی نابێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 31-07-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد کە "ئەمڕۆ 40 ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت کە جێنۆسایدکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی بوو، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد و بارزانی بوون، دەستگیرکران و دواتر لە بیابانەکانی عێراق زیندەبەچاڵ کران."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "ئەم تاوانە گەورەیە، بەشێک بوو لە شاڵاوێکی رەگەزپەرستانەی رژێمی لەناوچووی بەعس دژ بە گەلی کوردستان، کە بێسەروشوێنکردن و جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلی و ئەنفالکردنی ناوچەکانی بارزان و گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و چەندین دەڤەری دیکەی کوردستان، زنجیرەیەک بوو لەو تاوانە هۆڤانەی لە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجام دران."
 
ئەمڕۆ 40 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بێسه‌روشوێنكردنى هه‌شت هه‌زار مێرمنداڵ، گه‌نج، پياو و پيرى بارزانى كه‌ كۆتايی ته‌ممووز تاوەکو نێوه‌ڕاستى ئابى 1983 له‌ كۆمه‌ڵگه‌ زۆرملێكاندا، بوونه‌ قوربانيى تاوانێكى دڕندانه‌ و هه‌ڵمه‌تێكى ره‌شبگيريى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق‌.
 
شاڵاوەکانی ئەنفال کە ئێستا لەلایەن عێراق و ژمارەیەک وڵاتانی جیهانی بە جینۆساید ناسێندراوە، هەشت قۆناخی خایاند. سەرەتاش بە ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی دەستیپێکرد. 
 
مەسرور بارزانی پێیوایە دوای 40 ساڵ لەو تاوانە، "هێشتاش کەسانێک هەن بە هەمان عەقلییەت و هزری شۆڤێنی و سەردەمی ئەنفالەوە، دەیانەوێت مافە رەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان پێشێل و زەوت بکەن. لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان بە هەزاران قوربانی داوە و رووبەڕووی چەندین تاوان و کارەساتی گەورە بووەتەوە لەپێناو بەرگریکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی کە هەرگیز دەستبەرداری نابێت." 
 
لە بەشێکی پەیامەکەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە، "لە ساڵیادی ئەم كارەسات و یادە خەمگینەدا، خواست و داوای هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی شایستەی ماددی و مەعنەوی بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەپێی دەستوور، دووپات دەکەینەوە. پێویستە هەموومان کار بۆ ریشەکێشکردنی هزری ئەنفال و دووبارەنەبوونەوەی ئەم تاوانانە بکەین."
 
دەقی پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
 
ئەمڕۆ 40 ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت کە جێنۆسایدکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی بوو، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد و بارزانی بوون، دەستگیرکران و دواتر لە بیابانەکانی عێراق زیندەبەچاڵ کران. 
 
ئەم تاوانە گەورەیە، بەشێک بوو لە شاڵاوێکی رەگەزپەرستانەی رژێمی لەناوچووی بەعس دژ بە گەلی کوردستان کە بێسەروشوێنکردن و جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلی و ئەنفالکردنی ناوچەکانی بارزان و گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و چەندین دەڤەری دیکەی کوردستان، زنجیرەیەک بوو لەو تاوانە هۆڤانەی لە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجام دران.   
 
جێگەی داخە لە دوای تێپەڕبوونی 40 ساڵ بەسەر ئەم کارەساتەدا، کەچی هێشتاش کەسانێک هەن بە هەمان عەقلییەت و هزری شۆڤێنی و سەردەمی ئەنفالەوە، دەیانەوێت مافە رەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان پێشێل و زەوت بکەن. لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان، بە هەزاران قوربانی داوە و رووبەڕووی چەندین تاوان و کارەساتی گەورە بووەتەوە لە پێناو بەرگریکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی کە هەرگیز دەستبەرداری نابێت. 
 
دەڤەری بارزان یەکێکە لەو ناوچانەی کوردستان، کە لە سەدەی رابردوودا، بە دەیان جار دووچاری وێرانکاری و کۆمەڵکوژی و جێنۆساید بووەتەوە، بەڵام ئەو هەموو زوڵم و ستەم و تاوانانە، نەیتوانیوە ئیرادەی نەتەوەیی و گیانی خۆڕاگری و بەرگری لەم دەڤەرە لەناو ببات و هەمیشە دژی زوڵم و ستەم راپەڕیون و بەهۆی خۆڕاگری و قوربانیدان و خوێنی پاکی شەهیدەکانمان، ئەم قەوارە دەستوورییەی ئێستای هەرێمی کوردستان بەرهەم هاتووە و پێویستە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکی لێ بکەین و زیاتر گەشەی پێ بدەین. 
 
لە ساڵیادی ئەم كارەسات و یادە خەمگینەدا، خواست و داوای هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی شایستەی ماددی و مەعنەوی بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەپێی دەستوور، دووپات دەکەینەوە. پێویستە هەموومان کار بۆ ڕیشەکێشکردنی هزری ئەنفال و دووبارەنەبوونەوەی ئەم تاوانانە بکەین.
 
لە ساڵڤەگەڕی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، سەری رێز بۆ بارزانییە ئەنفالکراوەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە بە رێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە. هەروەها رێز و پێزانینم بۆ کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان هەیە کە رووبەڕووی رۆژگارێکی زۆر سەخت بوونەوە، بەڵام توانییان سەربەرزانە منداڵ و نەوەکانیان پێ بگەیەنن. سوپاسی جوامێریی و بەهاناوەچوونی خەڵکی قارەمان و نیشتمانپەروەری هەولێر و دەوربەری و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەکەم، کە لە کاتی ئەم کارەساتەدا، هاریکار و هاوسۆزی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بارزانی بوون. 
 
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان و گشت ئەنفالکراوانی کوردستان و هەمیشە لە یادمانن. 
 
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."