مامۆستایەکی ئایینیی سنە لە کارەکەی دوورخرایەوە

31-08-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مامۆستایەکی ئایینیی ناسراوی شاری سنەی سزای سێ ساڵ و یەک مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و لە کارەکەی دوورخرایەوە.

رۆژی شەممە، 30ـی ئابی 2025، خانەی دادی تایبەت بە مامۆستایانی تاران ئەو سزایەی بەسەر مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی چوار یاری نەبی لە شاری سنەدا سەپاند.
 
خانەی دادی تایبەت بە مامۆستایانی تاران تۆمەتی "سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام" داوەتە پاڵ ئەو مامۆستا ئایینییە و بڕیاری دا بۆ تاهەتایی داماڵێنی جلوبەرگی ئایینی بەسەردا بسەپێنێت.
 
پێشتر رۆژی دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، مامۆستا مەلا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی چوار یاری نەبی لە شاری سنە، دوای ئەوەی بانگهێشتی دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە شاری هەمەدان کرا لەوێ دەستبەسەر کرا و دوای 43 رۆژ مانەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. 
 
هەروەها مەلا لوقمان ئەمینی لەگەڵ مەلا ئیبراهیم کەریمی، پێشنوێژی گوندی نەنەڵەی سنە رۆژی 30-01-2023 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سنەوە بەهۆی قسەکردن لەسەر ناڕەزایەتییەکان دەستبەسەرکران، دواتر بە کەفالەت ئازادکران. دوایین دانیشتنی دادگایی ئەو دوو مامۆستایە رۆژی چوارشەممە 07-06-2023 لە هەمەدان بەڕێوەچوو.
 
لە 14-6-2023 دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە شاری هەمەدان سزای 11 ساڵ زیندانیکردن، دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ ئەردەبیل و بێبەشکردن لە مافی مەلایەتی و پێشنوێژی بەسەر مامۆستا لوقمان ئەمینی، سەپاندبوو، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی خەڵک سزاکەی جێبەجێ نەکرا.
 
دوای خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی ساڵی 2022 زیاتر لە 10 مامۆستای ئایینی و پێشنوێژ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان  بە بەندکردن، لێدانی قامچی و وەرگرتنەوەی مافی مەلایەتی سزادراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.