رووداو دیجیتاڵ
بڕیار بوو ئەمڕۆ سێ جووتیاری کورد لە دوبز دادگایی بکرێن، یەکێک لەو جووتیارانەی سکاڵای لێکراوە دەڵێت، دادبینیی دووانیان بۆ 21ی ئەیلوول دواخراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 31-08-2025 محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دادگاییکردنەکەی، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت، رایگەیاند، بۆ 21ی ئەیلوول دواخرا.
محەممەد ئەمین کە لە 17ی شوباتی ئەم ساڵ، لەسەر زەوییەکەی خۆی لە سنووری ناحیەی سەرگەڕانی کەرکووک، لەسەر تراکتۆرەکەی سەربازێکی سوپای عێراق بە ملپێچەکەی رایکێشا، لەلایەن فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.
ئەو جووتیارە کوردە لەبارەی هۆکاری دواخرانی دادبینییەکەی گوتی، ''سکاڵاکەر کە نوێنەری یاسایی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە، لە دادگە ئامادە نەبوو.''
ئەوکات بڵاوبوونەوەی دیمەنی راکێشانی ئەو جووتیارە کوردە بە ملپێچەکەی، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و هاوسۆزی بۆ هاونیشتمانییەکە دروستبوو. محەممەد ئەمین گوتی، "سەربازەکان بە پەلاماردان ویستیان لەسەر تراکتۆرەکەم رامکێشنە خوارەوە، ئێستاش دەیانەوێت لە رێگەی دادگەوە سزام بدەن."
هاوکات سکاڵایەکی دیکە لەلایەن عەرەبێکی هاوردەوە بەناوی ئەحمەد وەسمی، لەسەر جووتیارێکی کورد بەناوی سامان رەزا تۆمارکراوە و بڕیار بوو ئەمڕۆ دادبینی بۆ بکرێت. ئەو نوێنەرەی جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، بەهەمانشێوە داگاییکردنی ئەو هاونیشتمانییەش دواخراوە بۆ 21ـی ئەیلوول.
محەممەد ئەمین هۆکاری دواخستنی دادگاییکردنەکەی سامان رەزای خستەڕوو و گوتی، ''دوای ئەوەی گوتەی موختاری گوندەکەیان وەرگرت و هەموو راستییەکان باس کران کە سکاڵاکەر عەرەبی هاوردەیە و خەڵکی ئەو ناوچەیە نییە، دادوەر بڕیاری دا نووسراێک بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک بکرێت، بۆ ئەوەی بزانرێت گرێبەستی عەرەبە هاوردەکە نوێکراوەتەوە یان نا، ئینجا تاوەکو 21ی ئەیلوول چاوەڕانی ئەنجامەکە دەکرێت.''
ئەوە دووەم جارە نوێنەری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان وەک لایەنی سکاڵاکەری دۆسیەکەی 17ـی شوبات لە دادگە ئامادە نابێت. ئەو نوێنەرەی جووتیارانی سەرگەڕان گوتی، ''هەر جاری یەکەم هاتووە، سکاڵاکەی تۆمار کردووە و نەهاتووەتەوە.''
لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017وە، جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک رووبەڕووی چەندین گوشاری هێزە عێراقییەکان و عەرەبی هاوردە بوونەتەوە و بۆ جێهێشتنی زەوی کشتوکاڵی و ماڵ و موڵکی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ