ژمارەی فۆڵۆوەرزەکانی رووداو لە فەیسبووک 10 ملیۆنی تێپەڕاند

31-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
وێنەیەکی گرافیکی بۆ دەرخستنی 10 ملیۆن فۆڵۆوەرزی رووداو
وێنەیەکی گرافیکی بۆ دەرخستنی 10 ملیۆن فۆڵۆوەرزی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە ریکۆردێکی نوێی میدیای کوردی، پەڕەی فەرمیی رووداو لە فەیسبووک 10 ملیۆن فۆڵۆوەرزی تێپەڕاند. رووداو گەیشتووەتە لووتکەی ژمارەکان و لەمەودوا هەموو ژمارەکان بۆی دووبارەن.

بنچینەی هەموو ژمارەکانی جیهان لە 0 تاوەکو 9ـیە. رووداو خانەی یەکانی ژمارەکانی بڕی، ئێستا بەشوێن جیهانیبوونی زیاتر و نوێگەریی نایابە.

بەپێی داتاکانی کۆمپانیای مێتا، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، رووداو 4.4 ملیۆن فۆڵۆوەرزی زیادکردووە و ئێستا لە پێشەنگی میدیاکانی ناوچەکەیە.

بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ لەبارەی ئەو دەستکەوتە رایگەیاند، "زیادبوونی ژمارەکان شایەتی رۆژ بە رۆژ گەورەبوونی رووداو دەدەن، ئەمەش پێمان دەڵێت، خەڵک و وەرگر چاویان لە میدیایەکە کە بە تێڕوانینێکی نیشتمانییانە کار دەکات، سەنگینە و هەواڵ وەکو هەواڵ دەگوازێتەوە، پەیامەکەیشی بۆ هەموو جیهانە."

هەروەها بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ دەڵێت، "کاتێک دنیای دیجیتاڵیی میدیای کوردی پێشدەکەوێت، رووداو جارێکی دیکە بە هەوڵی ماندوونەناس و داهێنەرانی تیمەکانی، توانی ئەوە پێشان بدات کە سەرمەشقی بوارەکەیە و لە ئاستی هەرێمی و جیهانیدا رکابەریی دەزگا گەورە میدیاییەکان دەکات."

جگە لە فەیسبووک، رووداو لە هەر یەکە لە پلاتفۆڕمەکانی ئینستاگرام کە بە هەمان شێوە سەر بە مێتایە، خاوەنی زۆرترین فۆڵۆوەرزە لەنێو میدیا کوردییەکان. بە هەمانشێوە لە ئێکس و تیکتۆکیش. واتە جومگەی هەموو ئەو پلاتفۆرمە سەرەکییانەی لە جیهاندا پێشەنگن، رووداو تێیاندا پێشەنگە.

رووداو دیجیتاڵ لە پاڵ ریکۆردەکانی دیکەی، خاوەنی ریکۆردی ملیار بینەرە لە ماوەی دوو هەفتەدا کە بەهۆیەوە خەڵاتی نێودەوڵەتیی ستیڤی بردووەتەوە.

شەش لەو وڵاتانەی کە زۆرترین فۆڵۆوەرزی رووداوی تێدان: 

عێراق و هەرێمی کوردستان
ئەڵمانیا
ئەمریکا
تورکیا و باکووری کوردستان
بەریتانیا
سوێد

ریکۆردەکانی رووداو تەنیا لە ئاستی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵمیدیادا نین، ماڵپەڕی رووداو کە رۆژانە سەدان هەزار سەردانیکاری لە تەواوی جیهانەوە هەیە، لە 90 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 140 ملیۆن جار سەردانی بەش و هەواڵە جیاوازەکانی کراوە.

جگە لەمانەش، رووداو وەکو میدیایەکی کوردی خاوەنی زۆرترین خەڵاتی جیهانییە، لەنێویاندا خەڵەتەکانی تێلی، ستیڤی و وان ئیفرا. پێشکێشکار و بەرنامەکانیشی چەندین خەڵاتی جۆراوجۆریان لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە