رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ناوی ئەو دیپلۆماتەی ئاشکرا کرد کە بڕیارە ببێتە کۆنسوڵی وڵاتەکە لە شاری هەولێر.
رۆژی 31ى تشرینى یەکەمى 2023، وەزارەتى دەرەوەى قەتەر لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، حوسێن بن عەلى فەزالە مامەڵەى فەرمیى دەستبەکاربوونى وەک کۆنسوڵى وڵاتەکەى لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان پێشکێش بە عەمار داوود، سەرۆکى فەرمانگەى مەراسیمەکانى وەزارەتى دەرەوەى عێراق کردووە.
رۆژی 4ى تشرینى یەکەمى 2022، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق رەزامەندی لەسەر کردنەوەى کۆنسوڵخانەى قەتەر لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دا، ئێستا مشعەل عەبدوڵڵا هاجەرى، هەڵسوڕێنەرى کاروبارى کۆنسوڵخانەکەیە.
حوسێن بن عەلى فەزالە پێشتر چەندین پۆستى لە وەزارەتى دەرەوەى قەتەر و باڵیۆزخانەکانى هەبووە ، لەوانە راوێژکار لە باڵیۆزخانەى قەتەر لە پاریس، هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى قەتەر لە عێراق.
لە دوای 25 ساڵ لە داخستنی، رۆژی 10ى ئەیلوولى 2015 قەتەر باڵیۆزخانەکەى لە عێراق کردەوە.
حەوت وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆنسوڵخانەیان لە شاری هەولێر هەیە، ئەوانیش: ئێران، ئوردن، فەلەستن، سعودیە، ئیمارات، کوێت و قەتەرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ