سەرۆک بارزانی: هیوادارم ساڵی تازە دەستپێكی قۆناخێكی نوێ بێت بۆ باشتربوونی گوزەرانی خەڵك

31-12-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی 2022 پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان، عێراق و هەموو جیهان دەکات. دەشڵێت، "هیوادارم ساڵی تازە دەستپێكی قۆناخێكی نوێ بێت بۆ باشتربوونی گوزەرانی خەڵك".
 
بارەگای بارزانی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانیی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هیوای خواستووە، "ساڵی تازە دەستپێكی قۆناخێكی نوێ بێت بۆ باشتربوونی گوزەرانی خەڵك و بەدیهاتنی سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتر بۆ گەلەكەمان". هەر لە پەیامەکەدا هاتووەم "بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆم ئاراستەی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم كە هەردەم بە قوربانیدان و خۆڕاگریی خۆیان، لە بەرانبەر هەڕەشەكان و تیرۆر و ئابڵۆقەدا وەستاونەتەوە و پارێزگارییان لە كوردستان كردووە".
 
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:
 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینییەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم. هیوادارم ساڵی تازە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت بۆ باشتربوونی گوزەرانی خەڵك و بەدیهاتنی سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتر بۆ گەلەكەمان. بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆم ئاراستەی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم كە هەردەم بە قوربانیدان و خۆڕاگریی خۆیان، لەبەرانبەر هەڕەشەكان و تیرۆر و ئابڵۆقەدا وەستاونەتەوە و پارێزگارییان لە كوردستان كردووە. ئەركی سەر شانی هەموو دامودەزگا و لایەنە سیاسییەكانە لەئاستی قوربانیدانی گەلەكەماندابن و پێكەوە و بە هیمەتی هەموو لایەك پارێزگاری لە دەستكەوتەكان و مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.
 
هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵبژاردنێكی باش بوو و ئەنجامەكانیشی دەرخەری ویست و ئیرادەی هاووڵاتیان بوو. دوای پەسەندکردنی ئەنجامەكان لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە پێویستە هەنگاو و نەریتە دەستوورییەكان بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حكوومەت و دەزگاكانی تر خێراتر جێبەجێ بكرێن و، بووژانەوە و خزمەتگوزاری و، ماف و ویستی هاووڵاتیان و سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق بكرێتە ئەولەویەتی بەرنامەكانی حكوومەتی داهاتوو. ئەویش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی هەر سێ پڕەنسیپی شەراكەت و سازان و هاوسەنگی لە حوكمڕانیدا. هاوكاتیش نابێ چیتر هەوڵی پەراوێزخستنی ھیچ پێكهاتەیەکی عێراق لە حوكمڕانیدا بدرێت.
 
بە بۆنەی سەری ساڵی ٢٠٢٢ـی زایینییەوە جارێكی دیکە جەخت لە پەیامی ئاشتیانە و فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و، پێویستە هەموو لایەك بە باشی لەوە تێبگەن كە عێراق و ناوچەكەمان چیتر بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت. ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیشە بۆ پاراستنی ئاشتی و دادپەروەری و ئاساییش هۆكارێكی یارمەتیدەر بێت، بۆ ئەوەی چیتر لەمە زیاتر گەلانی ناوچەكە و خەڵكی بێتاوان تووشی نەهامەتی و وێرانكاری نەبن.
 
لەساڵی تازەدا بەهیوای ئەوەی ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و، ئومێدی خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان دەخوازم. لە خودای گەورە داواكارم گەلەكەمان لە هەموو جۆرە پەتا و نەخۆشی و نەهامەتی و كارەساتێک بە دوور بگرێت.
 
مسعود بارزانی
٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی مافی مرۆڤ: 500 زیندانی چاکسازییەکان سزای لەسێدارەدانیان هەیە

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ رایگەیاند، 500 زیندانی لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. ''زۆریی سزادراوان، سیستمی چاکسازیی نێو چاکسازییەکانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.''